تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

هەرێمی کوردستان لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ئێران و ئەمریکادا

هێمایەک لە داشەکانی ئەمریکا و ئێران لە گەمەی ناوچەکەدا
هێمایەک لە داشەکانی ئەمریکا و ئێران لە گەمەی ناوچەکەدا
17 Aug
تەما / 17.08.2019

ئەگەرچی ‌هێشتا هیوایەک بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رێگەی دانوستانەوە هەیە، بەڵام گریمانی هەڵگیرسانی جەنگیش وەک گریمانێکی لاواز نایەتە پێشچاو، لە بارەی ئەوەیش کە ئایا چ جۆرە جەنگێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا روو دەدات بەرچاوڕوونییەک لە ئارادا نییە و ئەوەی بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە گرنگە ئەم پرسیارەیە کە؛ ئاخۆ پریشکەکانی جەنگ تا چەند داوێنی ئەوان دەگرێتەوە و زیان و سوودی چی دەبێت بۆیان؟ هەمان پرسیار بۆ هەرێمی کوردستانیش لە ئارادایە کە سنوورێکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ ئێران و، هاوکاری و پەیوەندییەکی گرنگ و چڕ و پڕیشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.   

 

ئاشکرایە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتە دۆخێکی تایبەتەوە کە مەترسی گەورەی لێ دەکرێت، هەرچەند جار بە جار هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم و عێراق رایدەگەیەنن رێگە نادەن خاکی وڵاتەکەیان لە لایەن دەوڵەتێکەوە بۆ لێدانی دەوڵەتێکی دیکە بەکار بهێندرێت، بەڵام وەک شیکارییەکان روونی دەکەنەوە نە عێراق و نە هەرێمی کوردستان لە ئەگەری روودانی شەڕی گەورەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا پێناچێت توانای پاراستنی وڵاتیان لە بەرامبەر خواستە شەڕانگێزانەکانیاندا هەبێ و هەر کاتێک ئەو دەوڵەتانە ئیرادە بکەن بۆ بەکارهێنانی خاک و تایبەتمەندییە سەربازییەکانی عێراق و هەرێم، وەک ئەزموونی شەڕە گەورەکانی رابردوویش پێشانی داوە، قورسە بتوانن بەریان پێ بگرن و رێگرییان لێ بکەن.

بۆیە جەخت دەکرێت پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەگەری روودانی ئەو شەڕە گەورەیە پێویستی بە هەوڵدانە بۆ پابەندکردنی هەر دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەویش لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و سوود وەرگرتن لە جوڵاندنی ڕای گشتی کۆمەڵگەی جیهانی، بە جۆرێک کە ئەگەر نەیشتوانرێت بەریان پێ بگیرێت لانیکەم بە شێوەیەک سنووردار بکرێن کە کەمترین زیان بەر هەرێمی کوردستان و عێراق بکەوێت، بۆ ئەوەیش پێویستە دەستپێشخەری و کاری شێلگیرانە و لێبڕاوانە بکرێت کە تا ئێستا نە لە لایەن بەر پرسانی عێراق و نە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە جگە لە چەند لێدوانێک ئاماژەیەکی ئەوتۆی لێ نەبینراوە.

پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەوڵدانە بۆ پابەندکردنی ئەمریکا و ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەکان

لەگەڵ ئەوەی شەڕی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لە بوارەکانی ئابووری و سایبەری (ئەلکترۆنی) رووی داوە و هەر ئێستا ئێران لە ژێر فشاری قورسی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکادایە و چەند جارێک ناوەندە هەستیارەکانی یەکدیان کردووەتە ئامانجی هێرشی سایبەری (ئەلکترۆنی)، ئەگەرەکانی جۆری شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە چەند ئاستێکدا پێشبینی دەکرێن کە بریتین لە:

  • شەڕی ئابووری
  • شەڕی سایبری (ئەلکترۆنی)
  • شەڕی ئاسمانی
  • شەڕی دەریایی
  • شەڕی زەمینی و لەشکر کێشی تەواو

 

کەشتی فڕۆکەهەڵگری نێمێتز - کڵاسی ئەمریکا

شەڕی ئابووری

دوای ئەوەی ئەمریکا یەکلانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و رۆژئاوا دەرچوو و توندتر لە رابردوو گەمارۆ ئابوورییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەست پێکردەوە، وەک ئێرانییەکان خۆیان جەختیان لە سەر کرد شەڕی ئابووری لەگەڵ ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەستیپێکرد. هەرچەند ئەمریکا هۆکاری زیاد کردن و توندتر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی بە زۆرترین فشار بە مەبەستی ملدانی ئێران بە دانوستان راگەیاندووە، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا زۆر لایەن بە هەڵگیرسانی شەڕی ئابووری لە دژی ئێرانی دەزانن.

شەڕێک کە تەنیا وەک فشارێک بە مەبەستی راپێچکردنی ئێرانییەکان بۆ سەر مێزی دانوستان نابینرێ و وا لێکدەدرێتەوە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج و بەو شێوەیە لە کۆڵەکە ئابوورییەکانی نەتەوەی ئیران دەدات، بە جۆرێک کە هەندێک شیکەرەوەی سیاسی ئامانجی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە برسیکردنی خەڵکی ئەو وڵاتە و بە کۆمەڵکوژی ناو دەهێنن.

ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی خواست و پێویستی خۆی ئاستی هاوردەی کاڵای ئێرانیی بەرز بکاتەوە ئەوەیش بە زیانی هەرێمە

هەوڵی ئەمریکا وەک رایگەیاندووە بۆ ئەوە بوو لە رێگەی گەمارۆکانەوە داهاتی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر کە هەر چەند بە رێژەیەکی بەرچاو دایبەزاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا چاوەڕێی دەکات هێشتا مەودایەکی زۆریان لە نێواندایە.

هەرچەندە وا دەردەکەوێت یەکێتی ئەورووپا دژی گەمارۆکانی ئەمریکایە بۆ سەر ئێران و هەوڵ دەدات لە پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام بێ، بەڵام گەمارۆکان کە بە زۆری کۆمپانیا بازرگانییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان گرتووەتەوە، راستەوخۆ کاریان کردووەتە سەر ئاستی هەناردە و هاوردەی گشتی ئێران و گیرفان و سفرەی هاووڵاتیانی ئێرانی بەرەو بەتاڵبوون بردووە.

لە لایەکی دیکەوە دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی بە هۆی گەمارۆکانەوە بازاڕ و بازرگانی ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی گەورە کردووە و لەگەڵ ئەوەی زیانێکی زۆری بە بازرگانان گەیاندووە و بە جۆرێک بازاڕ بەرەو وەستان دەبات، نرخی شت و مەک و کاڵای بە شێوەیەکی چاوەرواننەکراو بەرز کردووەتەوە کە هاووڵاتی ئاسایی توانای کڕینیانی نەبێت.

ئەمە لەگەڵ ئەوەی گەمارۆکان کەشێکی دەروونی خراپیان بە سەر کۆمەڵگەی ئێراندا زاڵ کردووە و ترس و دڵەڕاوکێی هەژاریی بەرامبەر داهاتوو بێهیوای کردوون.

دەروازەی سنوری باشماخ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا

هەروەها گەمارۆ خستنە سەر ڕابەری ئایینی ئێران، وەزیری دەرەوە و فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە، سەرباری ئەوەی پرسیار دروستکردنە لە سەر رەمزە ئایینی، دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئێران، وەک چاودێران ئاماژەی پێ دەکەن کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر جۆری بڕیاردان و دەستکراوەییان لە جوڵە و کردارە دیپلۆماسی و سەربازییەکاندا، بە تایبەت لە رووی سەربازییەوە لە ناوچە پڕ قەیرانەکانی وەکوو سووریا و یەمەن و عێراق.

بێگومان دۆخێکی لەو شێوەیە کاریگەری خۆی لە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران بە تایبەت عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت و وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن؛ شەڕی ئابووری ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە چەند ڕوویەکەوە کار دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان.

لەو ڕووەوە کە ئێران بۆ دەربازبوون لە ژێر فشاری گەمارۆکان یا خود کەمکردنەوەی ئەو فشارانە، هەرێمی کوردستان وەک دەرفەتێک دەبینێ، کۆمەڵێک چاوەڕوانی ئەو وڵاتە لە هەرێم دەستنیشان دەکرێن کە ئەو چاوەڕوانیانە بە دیوێکدا سوودبەخش و بە دیوێکی دیکەدا زیانبەخشن بۆ هەرێم.

یەکێک لە چاوەڕوانییە ئابوورییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان وەک شارەزایان پەنجەی سەر دەخەن؛ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوردەی کاڵای ئێرانییە بۆ هەرێم بە جۆرێک کە هەرێم بە پێچەوانەی خواستی خۆی لە پێناو ڕازیکردنی ئێران و بۆ ئەوەی ئێران کێشەی بۆ دروست نەکات، مل بدات بەوەی زیاد لە ڕادەی پێویست کاڵای باش و خراپی ئێرانی هاوردە بکات و زۆرترین قازانجی بۆ بگەڕێنێتەوە، کە ئەوەیش لە کۆتاییدا بە زیانی هەرێم دەکەوێتەوە.

چاوەڕوانییەکی دیکەی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەوە دادەنرێت کە بە ڕێگەی نهێنی و نایاسایی هاوکاری بێت لە دروستکردنی کۆمەڵێک هێڵ و قەدبڕی پەڕینەوە و خۆدزینەوە لە گەمارۆکان، واتە بەشێک لەو دانوستانە بانکی و بازرگانیانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ئێران قەدەغە کراون لە ڕێگەی هەرێمەوە و بە ناو و شێوازی جیاجیای دیکەوە بە گەڕ بخرێنەوە و قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانی گەمارۆکانیان پێ بکرێتەوە.

ئێران مەبەستیەتی بە ڕێگەی نهێنی و نایاسایی هەرێمی کوردستان بکاتە قەدبڕی پەڕینەوە لە گەمارۆ ئابوورییەکان و قەرەبووی زیانەکانی خۆی  پێ بکاتەوە

چاوەڕوانییەکی دیکەی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کە ئابووریناسان ڕوونکردنەوەی لە بارەوە دەدەن، کێشکردنی دۆلار و دراوی بیانی دیکەیە بە شێوەی نهێنی و نایاسایی لە ڕێگەی هەرێمەوە.

ڕوونکردنەوەکە بەو شێوەیە کە بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و سعودیا بەشێکی بەرچاوی دانوستانە داراییەکانی ئێران کە پێشتر لە ڕێگەی دوبەیەوە کراون، دواتر گوازراونەوە بۆ شارەکانی سلێمانی هەرێمی کوردستان و کابولی ئەفغانستان کە ئێران ئەوەی بە هەل قۆستووەتەوە و دەیەوێت هەرێم هاوکاری بێت لە ڕێگەی نایاساییەوە دۆلار و دراوە بیانییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بچنە ناو بازاڕەکانییەوە، ئەوەیش کارێکە کە لە کابولی ئەفغانستان کراوە و زیانێکی زۆری بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە، دیارە لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوەی ئەفغانستان بۆ هەرێمیش زیانبەخش دەبێت.

جگە لەمانە چاودێران گریمانی چەندین حاڵەتی نهێنی و نادیاری ئابووری دیکەیش دەکەن کە ئێرانییەکان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە سەر هەرێمیدا بسەپێنن. لەگەڵ ئەوەی پێیانوایە شەڕی ئابووری ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە چەند ڕوویەکیشەوە سوود بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. وەک ئەوەی دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار و دیناردا دەرفەتی باشی بۆ بازرگانانی هەرێم ڕەخساندووە کە کاڵای ئێرانی بە نرخێکی زۆر هەرزان هاوردە بکەن و سوود و قازانجی چاوەڕواننەکراوی لێ ببینن.

لە ئەگەری بوونی هەرێمیش بە قەدبڕی گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمی ئێرانی بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان چاوەڕوان دەکرێت سوودی گومرگی و ترانزیتی زۆر باش بە هەرێم بگات.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هەرێم دەتوانێ لە میانەی ئەو پێوەندییانەیدا و لە بەرامبەر هاوکارییەکانی بۆ ئێران شوێن بۆ جێبەجێکردنی کۆمەلێک داواکاری سیاسی و ئابووری خۆی لە ئاستی بەغدا و ناوچەکەیشدا بکاتەوە کە دیارە ئەوە ئەکەوێتە سەر پلان و بەرنامەی سیاسی بەرپرسانی هەرێم لەو بوارەدا و ئەوەی کە تا چەند کاری بۆ دەکەن و ئیرادەی بۆ دەخەنە گەڕ.

هاوکات و لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتی ئەمریکا بە جۆری بازرگانی هەرێم و ئێران لە ئارادایە کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە مایەی کێشە لە نێوان هەرێم و ئەمریکادا.

هەرچەند ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراقی لە دانوستانی ئابووری لەگەڵ ئێران دەستکراوە کردوون، بەڵام چاوپۆشی لەوەش ناکات ببن بە هۆکار بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەری گەمارۆکان

هەرچەند ئەمریکا لە چوارچێوەی گەمارۆکانیدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، چەند وڵاتێک لەوانەش هەرێمی کوردستان و عێراقی لە بازرگانیکردن و دانوستانی ئابووری لەگەڵ ئێران دەستکراوە کردووە، بەڵام دیارە چاوپۆشی لەوەش ناکات ببن بە هۆکارێک بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەری گەمارۆکانی لە سەر ئێران.

هەر بۆیە شارەزایانی سیاسی هۆشداری دەدەن لەوەی بەرپرسانی هەرێم لەو شەڕە ئابوورییەی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا کە بەشێکی کەوتووەتە خاکی هەرێمەوە، بە هەستیاریی و وریاییەوە هەڵسوکەوت بکەن. ئەگەرچی ئاماژەکان وا پێشان دەدەن لە دوای ڕووداوەکانی ریفراندوم و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە تایبەت کە ئەمریکا بە ریفراندۆم ڕازی نەبوو و دەستی حکومەتی عێراقی لە هێرشکردن بۆ سەر کەرکووک ئاوەڵا کرد، هەرێمی کوردستان بە هۆی کەم ئومێدبوونی بە ئەمریکا بەراورد بە رابردوو زیاتر لە ئێران نزیک بووەتەوە و کاریگەری ئێران ئەمجارەیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتیش زیادی کردووە.

 

گوزارشتێک بە وێنە لە شەڕی سایبەری نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر نەخشەی بە کیتکراوی جیهان

شەڕی سایبەری

بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەلەکترۆنیک و ئەنفۆرماتیک لە جیهاندا، شێوازێکی نوێ لە شەڕ سەرهەڵدەدات کە بە شەڕی سایبەری (ئەلەکترۆنی) ناوزەد کراوە.

لەم شەڕەدا کە بە یەکێک لە جۆرەکانی شەڕی نەرمیش پێناسە دەکرێ؛ کۆکردنەوە، گواستنەوە، پاراستن، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتن، شێواندن و دابەزاندنی ئاستی کوالێتی زانیارییەکان، تەکنیکە سەرەکییەکانی هێرشکردنن کە لە ڕێگەیانەوە سیستەمە کۆمپیتەرییەکانی دامەزراوەکانی دیپلۆماسی، توێژینەوە، سەربازی، ئەتۆمی و بانکەکان و ... ی لایەنی بەرامبەر دەکرێنە ئامانج. واتە ئۆپەراسیۆنێکە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی تەواوەتیدا، سیستەمەکانی زانیاری و پەیوەندی وێران دەکرێن.

ئەم شەڕە چەندینجار لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕووی داوە و دوایینجار هەواڵەکەی لە ٢٠ی ژوئەنی ٢٠١٩ لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، بەوەیکە ئەمریکا لە هێرشێکی سایبەریدا سیستەمی مووشەکی ئێرانی تێکداوە.

هەرچەند بەرپرسانی ئێران ڕەتیان کردەوە کە سیستەمی مووشەکییان تێکدرابێت، بەڵام ئاشکراشیان کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سوپای سایبەری ئەمریکا ٣٣ ملیۆن جار هێرشی کردووەتە سەر سیستەمە جیاجیاکانیان و نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بۆ خۆی تۆمار بکات.

چاوەڕوان ناکرێت شەڕی سایبەری نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەری لە سەر هەرێمی کوردستان هەبێت

لە وەڵامی بەرپرسانی ئێرانیدا ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕوونی کردەوە بە پێچەوانەی بانگەشەی ئێرانییەکان ئەو هێرشە توانیویەتی سیستەمە کۆمپیتەرییەکانی کۆنترۆڵی هاویشتنی مووشەک و رۆکێتی ئێران لە کار بخات.

نیویۆرک تایمزیش نووسی ئەو هێرشە وەک تۆڵەسەندنەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا کراوە لە لایەن ئێرانەوە.

هاوکات چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە لە بواری ئاسایشی سایبەریدا کار دەکەن ڕایانگەیاندووە بەمدواییە چەندین هێرشی هاککەرە ئێرانییەکانیان بۆ سەر چەند ناوەند و دەزگایەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پووچەڵ کردووەتەوە.

شارەزایانی بوارەکە پێیانوایە بە هۆی ئەوەی شەڕی سایبەری زیاتر لە دنیای ئینتەرنێتدا ڕوو دەدات و تیایدا جوگرافیا دەورێکی ئەوتۆ نابینێت، پێناچێت لە وەها شەڕێکدا وڵاتانی دیکە لە بەرژەوەندی ئێران یا ئەمریکا تێوە بگلێن. بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئەو شەڕە وەک تا ئێستا کاریگەری لە سەر هەرێمی کوردستان نەبووە لە داهاتوویشدا کاریگەرییەکی هەبێت، لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا نەبێت کە ئێران یا ئەمریکا بیانەوێت ڕاستەوخۆ بنکە و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی یەکدی لە هەرێمی کوردستاندا بکەنە ئامانج کە ئەوەیش رەنگە کاریگەری لاوەکی و کورتمەودای لە سەر ئاسایشی ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت کە دیسان زۆر چاوەڕوانکراو نییە.

فڕۆکەی جەنگی B-52

شەڕی ئاسمانی

ئەگەری ڕوودانی شەڕی ئاسمانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە بەهێزترین ئەگەر دەزانرێت. چونکە وا دەخوێندرێتەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ئاسانتر و خێراتر دەتوانێ ئامانجەکانی دەستبەر بکات.

هەروەها تا دێت ئاماژەکانی ڕوودانی شەڕی ئاسمانی وەک بژاری یەکەمی ئەمریکا هەستپێکراوتر دەردەکەون.

ئەمریکا لە ٥ی مانگی مای ٢٠١٩ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵنی ڕەوانەی کەنداو کرد کە توانای هەڵگرتنی ٩٠ فڕۆکەی جەنگی و بۆمبهاوێژ و هەلیکۆپتەری هەیە، هەروەها بە سیستەمی بەرگری مووشەکی تایبەت پڕچەکە و سیستەمی بەرگریکردنی نزیکمەودای دەریایی تیادا چالاک کراوە.

هەروەهای توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی ٢ چرکەدا فڕۆکەیەکی ٢٠ تەنی بە گوژمی ٢٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز بکاتەوە و خێرای بکات.

چوار بەرزکەرەوەی بۆ دابین کراوە کە هەر یەکەیان دەتوانن هاوکات دوو فڕۆکەی ٣٥ تەنی بەرز بکەنەوە.

ئەگەر بێت و ئەمریکا ئاسمان و بنکە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە کار بێنێت، ئێران کاردانەوەی دەبێ و هەرێم دەبێتە بەشێک لە شەڕی نێوان  ئەو دوو وڵاتە

کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن تا ئێستا چەندین چالاکی گەورەی لە ناوچەی کەنداو کردووە کە پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنی (زریانی بیابان) بۆ رزگارکردنی کوێت لە ساڵی٢٠٠٠ یەکێک لەو چالاکیانە بووە.

ئەمریکا جگە لە جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن لە کەنداو، ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52ی رەوانەی بنکەی سەربازی ئەلعەدید لە قەتەر کردووە.

فڕۆکەی جۆری B52 لە توانایدایە هێرشی ستراتیژی بکات، لە نزیکەوە پشتگیری جووڵە ئاسمانییەکان بکات و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی بەڕێوە ببات.

ئەمریکا ئەو فڕۆکەی لە شەڕە گەورەکانی ڤێتنام، کەنداو، ئەفغانستان وعێراقدا بە کار هێناوە.

یەکێک لە فەرماندە ئەمریکییەکان بە ناوی (کاپتن رایان ئالن) لە بارەی B52 دەڵێت: کاتێکB52  دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەک واتە لەو ناوچەیە بارودۆخ بە تەواوەتی دەگۆڕێت.

ئەو گواستنەوە فراوانەی ئامرازەکانی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ کەنداو لە کاتێکدان کە هەندیك سەرچاوەی ڕۆژئاوایی باسیان لە پلانی هێرشێکی تایبەتی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردووە کە تیایدا ئیسرائیل و سعودیاش بەشدار دەبن. بە پێی ئەو پلانە زیاتر لە ٢٣٠٠ هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر ئێران کە ناوەندە ستراتیژییەکانی دەکەنە ئامانج، وەکوو: فڕۆکەخانەکان و بنکە دەریاییەکان، کۆگا و جبەخانەکانی چەک، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، دامەزراوە نەوتییەکان و کۆگاکانی نەوت، ژێرخانەکانی پەیوەندی و گەیاندن، ڕادارەکان، کارگەکان، ناوەندە سەربازییەکان، بەندەرەکان، دامەزراوەکانی ئاو، بنکە مووشەکییەکان و خاڵە گرنگەکانی سوپای پاسداران و ... .

بەو شێوەیە گریمانی هەڵگیرسانی شەڕی ئاسمانی بەراورد بە گریمانەکانی دیکە لە واقیع نزیکتر دەبینرێ، بە تایبەت کە لە زۆر ڕووەوە بۆ ئەمریکا بە گونجاوتر دەزانرێ و لە بەرامبەردا توانای هێرش و بەرگری ئاسمانی ئێران بە لاوازترین خاڵی سەربازیی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

بە پێی ئەو ئامارانەی لە ڕاگەیاندنە رۆژئاواییەکاندا بڵاو کراونەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران، فڕۆکەی کۆن و دواکەتوون و گەمارۆکانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێگر بوون لەوەی ئیران بتوانێ هێزی ئاسمانی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی خۆی نوێ بکاتەوە.

هەرچەند لە ڕێگەی ئەو فڕۆکە ڕووسیانەی لە دەیەی نەوەددا پێی گەیشتوون دەتوانێ هێرشی سنووردار بکاتە سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئابراهام لینکۆڵن، بەڵام سیستەمی مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکا بە ئاسانی بەر بەو هێرشانە دەگرێ و دەرفەتی بەرەوپێشچوونیان پێ نادات.

بە پیی هەمان ئەو سەرچاوانە؛ ئەوەی لە شەڕی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا تا رادەیەک توانای بەرگری ئێران بەرز دەکاتەوە، پڕچەکبوونییەتی بە سیستەمی مووشەکی ئێس ٣٠٠ی ڕووسی و مووشەکە بالستییە دوور هاوێژ و نێوەند هاوێژەکانی.

ئێران بە مووشەکی ئێس ٣٠٠ دەتوانێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بپێکێت، ئەمە کار لە ئەمریکا قورس دەکات و تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر دەستی بۆ شکسپێهێنانی ئێران

ئێران لە رێگەی سیستەمی مووشەکی ئێس ٣٠٠وە دەتوانێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ڕاو بنێ و بیانپێکێت، ئێس ٣٠٠ لە توانایدایە هاوکات لە مەودای ١٥٠ کیلۆمەتردا هێرش بکاتە سەر ٦ فڕۆکەی جەنگی کە ئەمە کار لە ئەمریکا قورس دەکات و وای لێ دەکات بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکە جەنگییانە بەکار بێنیت کە لە دەرەوەی سنوورە ئاسمانییەکانی ئێران و بازنەی هێرشی ئێس ٣٠٠وە ئامانجەکانیان لە ناو ئێراندا بپێکن. واتە نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییەکانیF35  و F22 ڕاپتۆر و بۆمبهاوێژەکانی B52  و F18 بەکار بێنێت کە تێچوویەکی زۆر دەخەنە سەر دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دەیکەنە براوەی شەڕی ئاسمانی.

بەو پێیە شەڕی ئاسمانی لە زۆر ڕووەوە بۆ ئەمریکا بە بەسوودتر دەبینرێ.

لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ئاسمانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا گریمانی ئەوە دەکرێت هەم لە لایەن ئێران و هەم لە لایەن ئەمریکاوە، بەرژەوەندییەکان و بنکە سەربازییەکانی سەر بەو دوو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بکرێنە ئامانج و لە ئەنجامیدا دۆخێکی جەنگی بە سەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێت کە مەترسی لە سەر ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم دروست بکات.

دیارە هەر دوو دەوڵەتی ئێران و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرژەوەندی سەربازی و هێز و بنکەی سەربازییان هەیە جا چ راستەوخۆ هێزی خۆیان بن و چ ئەو هێزانە بن کە سەر بەوانن و لە ژێر فەرمانی ئەواندان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی ڕوودانی شەڕی ئاسمانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە هەندێک حاڵەتدا بکرێنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.

هەروەها ئەگەر بێت و ئەمریکا لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر ئێران، ئاسمان و بنکە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە کار بێنێت، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئێران بە هاوپەیمانی ئەمریکایان دابنێ و لە سەر بنەمای ئەوە کاردانەوەی توندی بەرامبەریان هەبێ و لە ئاستی جیاجیادا بیانکاتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی و بە واتایەک هەرێم ببێتە بەشێک لە شەڕی نێوان  ئێران و ئەمریکا.

وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ تا چەند ئەگەری لەو شێوەیە دەبن بە واقیع و تا چەند بەرپرسانی هەرێم هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە و بیریان لە چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کردووەتەوە، بەشێکی بەستراوەتەوە بە هاوکێشەکانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بەشێکیشی بە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە، کە هێشتا زۆر بە ڕوونی دەرنەکەوتووە.

کەشتی جەنگی ئابراهام لینکۆڵن

شەڕی دەریایی

ئێران تەنیا لە باکوور و باشوورەوە سنووری دەریای ئەوتۆی هەیە کە دەرفەتی ڕوودانی شەڕی دەریایی بڕەخسێنن، واتە لە دەریای قەزوێن لە باکووری وڵاتەکە و لە کەندوا کە لە باشووری ئەو وڵاتە هەڵکەوتووە.

دەریای قەزوێن بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی لە ژێر هەژمۆنی سەربازی ڕووسیادایە و بە درێژایی مێژوو ئەمریکا نەیتوانیوە لەو ناوچەیە کاریگەری سەربازی هەبێت، لەگەڵ ئەوەیش بەراورد بە کەنداو پێگەیەکی ستراتیژی ئەوتۆی نییە و لانیکەم لەم قۆناغەدا شوێنی سەرنجی ئەمریکا نییە.

لە لایەکی دیکەوە کەنداو ڕێڕەوێکی دەریایی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە کە جگە لەوەی ڕێژەیەکی بەرچاوی بازرگانی وڵاتانی جیهان و ناوچەکەی گرێدراوی خۆی کردووە، هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی سەربازی کاریگەری ئەوتۆیە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێ کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو وڵاتانە بکرێت لە سەر نەخشە لە نێوان ئێران و میسردا هەڵکەوتوون. بۆیە بەردەوام زلهێزەکان هەوڵیان داوە دەسەڵاتی تەواوەتی کەنداو لە دەست بگرن.

پێدەچێت شەڕی دەریایی ئێران و ئەمریکا کۆی ناوچەکە بەرەو گرژی ببات و بکێشرێت بە لەشکرکێشییەکی تەواو و وشکاییەکانی وەک هەرێمیش تێوە بگلێنێت

لە دوای شەڕی ساردەوە ئەمریکا زۆرترین هەوڵی داوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی لە سەر کەنداو جێگیر بکات کە بە ڕادەیەکی بەرچاویش تیایدا سەرکەوتوو بووە، یەکێک لەو وڵاتانەی بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە هەژمۆنی ئەمریکا لە کەنداو کەم بکاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئیران بووە، هەر بۆیە ململانێی ئەو دوو وڵاتە لە کەنداو مێژووی خۆی هەیە و ڕوودانی شەڕی دەریایی لە نێوانیان زۆرجار ڕووداوێکی پێشبینیکراو بووە.

لەم قۆناغەیشدا کە گرژییەکانی نێوانیان تا دێت توندتر دەبێ هەڵگیرسانی شەڕی دەریایی زۆر جار بە بریسکەی یەکەمی شەڕە گەورەکەی ئەو دوو وڵاتە وێنا کراوە.

ئەمریکا و ئێران لە کەنداو چەند جارێک لە ئاستی بەریەککەوتنی بچووکدا و بە هۆکاری وەکوو بەزاندنی سنووری ئاویی و شکاندنی یاساکانی دەریا تێکگیراون، بەڵام ئەو تێکگیرانە بچووکانە هیچ کات نەگەیشتوونەتە شەڕێکی دەریایی تەواو.

بە زۆری ئەوەی دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕوودانی شەڕێکی دەریایی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی کۆنترۆڵکردنی خاڵە گرنگەکانی وەکوو گەرووی هورموزە لە لایەن ئێرانەوە، یا خود دروستکردنی گرژی لە گەرووی بابولمەندەب بە ڕێگەی هێزە حوسییەکانەوە کە بە مووشەکەکانی ئێران پڕچەک کراون. ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێران هەڕەشەی تێکدانی ئاسایش سەرجەم ڕێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە دەکات.

واتە هەر کات ئێران دەست بداتە کۆنترۆڵکردنی گەرووەکان و رێڕەوە ئاوییەکان کە رێژەیەکی بەرچاوی نەوتی جیهان بەو گەروو و ڕێڕەوانەدا دەگوازرێتەوە، ئەوا بێگومان ئەمریکا کاردانەوەی توندی سەربازیی دەبێ و بۆ نەهێشتنی کۆنترۆڵی ئێران بە سەریاندا ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت دەکات کە ئەوەیش سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی دەریاییە.

وەک هەندێک ناوەندی توێژینەوەی سەربازی ئاماژەی پێ دەکەن؛ بە هۆی ئەوەی توانای سەربازیی ئێران بەراورد بە توانای سەربازیی ئەمریکا زۆر لاوازە و ئێران ناتوانێ هاوشێوەی ئەمریکا لەگەڵی بچێتە شەڕەوە، بۆیە شێوازی شەڕی ناڕووبەڕووی لەگەڵ دەگرێتە بەر، واتە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە دەریاییەکانی ئەمریکا کە لە لایەن کەشتی ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی B52وەوە دەکرێن، چونکە کەشتی  و فڕۆکەی هاوشێوە و توانای سەربازی هاوسەنگی نییە، لە بەرامبەر نزیک لە ١٨٠٠ چەکداری دەریایی، مووشەکهاوێژی دژە فڕۆکە، مووشەکهاوێژی دەریایی، تۆپی دژە کۆپتەر و ڕەشاشی قورس کە هەموویان لە کەشتی ئابراهام لینکۆڵندا کۆ کراونەوە و لە بەرامبەر فڕۆکەی B52دا. ١٠٠٠ بەلەمی توند ئاژۆی پڕچەک بە مووشەکهاوێژی دەریایی و سیستەمی دژە فڕۆکە و، ژێر دەریایی بەکار دەهێنێ، لەگەڵ ئەوەی لە کەنارئاوەکانیشەوە دەتوانێ مووشەکی بالستی ئاراستەی ئامانجەکانی لە ناو دەریادا بکات.

بەلەمە توندئاژۆکانی ئێران دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا هەزار مینی دەریایی لە ناوچە دەریاییەکاندا بچێنن، ژێردەریایی کلاس کیلۆی ڕووسی کە لە دەستی ئێراندایە دەتوانێ مووشەکی دژە کەشتی، مینی دەریایی و مووشەکی بەرگری ئاسمانی بەکار بێنێ و مەترسی گەورە لە سەر گەرووی هورموز دروست بکات.

ئێران شێوازی شەڕی ناڕووبەڕووی لەگەڵ ئەمریکا دەگرێتە بەر و ١٠٠٠ بەلەمی توند ئاژۆی پڕچەک بە مووشەکهاوێژی دەریایی و مووشەکی بالستی بەکار دەهێنێ

وەک جەخت دەکرێ ئەو چەک و ئامرازانەی جەنگی دەریایی ئێران شەڕی ڕووبەڕوویان پێ ناکرێ، بۆیە ئێران بە دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا کە کات و شوێن بە سەریاندا دەسەپێنن و بە پێی هەڵکەوتنی دەرفەتە تایبەتەکان، تاکتیکی شەڕی ناڕووبەڕوو دەگرێتە بەر و لە کات و ناکات و کەلێن و کەلەبەرەوە گورزی خێرا و بەردەوامیان لێ دەوەشێنێ.

بە بۆچوونی شارەزایانی کاروباری سەربازی گرتنە بەری شێوازی شەڕی نارووبەروو دەتوانێ هەستی زاڵبوونی بەرامبەر پووچەڵ بکاتەوە، ئیرادەی بۆ شەڕکردن لاواز بکات، لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی کاریگەر تووشی کێشەی بکات و پلانەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئۆپەراسیۆنێکی گشتی رابگرێت.

دیارە تەنیا لە کاتی ڕوودانی شەڕەکەدا دەکرێ ئاستی واقعیبوونی ئەو بۆچوونە هەڵبسەنگێنرێت، ئەو شەڕەی هێشتا وەک گریمان و ئەگەر ماوەتەوە.

ئەگەرێک کە پێناچێت بە واقیعبوونی کاریگەرییەکی سەربازی ئەوتۆی لە سەر هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە هەرێم نزیکییەکی جوگرافی ئەوتۆی لەگەڵ کەنداودا نییە، بەڵام بێگومان ڕوودانی شەڕی دەریایی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەو جۆرەی لێکداندەوەی بۆ کراوە کۆی ناوچەکە بە ئاراستەی گرژی سیاسی دەبات، گرژییەک کە لەوانەیە بکێشرێت بەرەو شەڕ و لەشکرکێشییەکی تەواو بۆ سەر ئێران و وشکاییەکانی وەک هەرێمیش تێوە بگلێنێت.   

هێزێکی پیادەی سوپای ئەمریکا

لەشکرکێشی زەمینی و شەڕی تەواو

کاتێک شەڕی تەواو لە نێوان دوو وڵاتدا ڕوو دەدات هەموو شێوازەکانی شەڕی بە پێی پێویستی تیادا دەگیرێتە بەر، تەنانەت هاووڵاتیانی ئاساییش بە هێزی شەڕ ئەژمار دەکرێن و لە بوار و ئاستی جیاجیادا ڕێکدەخرێن و بۆ شەڕ و پشتگیریکردنی شەڕ لە پشتەوە یا پێشەوەی بەرەکانی شەڕ سوودیان لێ وەردەگیرێت.

بەڵام ئەگەری ڕوودانی شەڕی تەواو و لەشکرکێشیکردن لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئەگەرێکی دوور دەزانرێت، ئەویش لە بەر چەند هۆکارێکی وەکوو ئەوەی لە جوگرافیای بەرینی ئێراندا کۆنترۆڵکردنی شەڕی زەمینی بۆ ئەمریکا کارێکی قورسە، بە تایبەت کە ئەمریکا سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا نییە و گواستنەوەی هێز و چەک و کەرەستەی سەربازیش، کات و تێچوویەکی زۆر دەبا و بنکە سەربازییەکانیشی لە ناوچەکەدا بۆ شەڕ و لەشکر کێشییەکی گەورەی ئەوتۆ ئامادە نەکراون.

بۆچوونی شرۆڤەکاران وایە کە لە وەها حاڵێکدا ئەمریکا بۆ شەڕ و لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا پێویستی بە کۆمەڵێک هاوپەیمان هەیە کە ئامادە بن جوگرافیا و هێز و کەرەستەی سەربازی و چەکی خۆیان لەو شەڕەدا بەکار بێنن.

ئەوەیش ڕوون کراوەتەوە کە هاوپەیمانیکردنی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران، بەستراوەتەوە بە مانەوە و نەمانەوەی یەکجاری ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەو وڵاتە و رۆژئاوادا کە ئەمریکا لێی دەرچووە. هەرچەند ئێران هەڕەشەی دەرچوونی هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێکەوتنەکە دەکات و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی هۆشداری لە مەترسییەکانی دەدەن، بەڵام هێشتا هەر دوو لا لەو ڕێکەوتنەدا ماونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا زۆر بەرژەوەندی دیکە ئێران و ئەورووپا پێکەوە دەبەستنەوە، بە جۆرێک کە ڕێگری سەرەکین لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە لە نێوان ئەورووپی و ئەمریکییەکاندا.

هەر لەو بارەوە یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێشتر ڕایگەیاندووە: دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ئایا ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بێ ئەمریکا کاریگەریی دەمێنێ یا بە پێچەوانەوە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی پەیمانی ناتۆ پەیمانێکی ئەمنییە و تا ئەمنییەتی وڵاتانی ئەندامی نەکەوێتە مەترسییەوە دەست ناداتە هیچ کردارێکی سەربازی، هەرچەند ئەمریکا هەوڵی داوە بە ناردنی کەشتیگەلی جەنگی زیاتر بۆ کەنداو ئێران لە هێرشێکی دەسپێشخەرانەوە بگلێنێت بە جۆرێک کە هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا یا بە گرژی نانەوە لە گەرووی هورمزدا ئاسایشی دەریایی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بخاتە مەترسییەوە و بەو شێوەیە ڕێگە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دژی ئێران خۆش بکات، بەڵام تا ئێستا ئێران نەکەوتووەتە ئەو داوەوە.

بەکارهێنانی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکا یا ئێرانەوە هۆکاری گوازرانەوەی شەڕە بۆ ناو سنوورەکانی و تێوەگلاندنی لە شەڕەکەوە

بەم شێوەیە پێکهێنانی هاوپەیمانی لە ئاستی نێوەدەوڵەتیدا و بۆ لەشکرکێشیکردنە سەر ئێران تا ئەم قۆناغە بۆ ئەمریکا جێبەجێ نەبووە.

لە ئاستی ناوچەکەیشدا وڵاتانی وەکوو ئیسرائیل، سعودیا و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی وەک هاوپەیمانانی ئەمریکا ناویان دەهێنرێت، کە ئەوانەیش بە هۆی نزیکی جوگرافییان لە ئێران زۆر پێگە و بەرژەوەندییان لە بەردەم هەڕەشەی مووشەک و چەکە قورس و سووکەکانی ئێراندایە و لە شەڕی بریکارانەی سووریاشدا دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئێران شکاندووەتەوە و ئاست و توانای شەڕیان هەڵسەنگاندووە، واتە هەم خۆیان و هەم ئەمریکا ئەوە دەزانن کە بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لە نێوانیان (ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە) ناتوانن بچنە شەڕی ئێران. چما نەک هەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە، بگرە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایش لە ناوچەکەدا بە ئاسانی لە بەردەم هەڕەشە و مەترسی مووشەکەکانی ئێراندان. وەکوو: بنکەی ئاسمانی ئەلعەدید لە قەتەر، بنکەی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین، بنکەی ئاسمانی ئەلزفرە لە ئەبووزەبی، بنکەی ئاسمانی ئەلسالم لە کوێت و ڕێڕەوە دەریاییەکانی وەکوو گەرووی هورموز و گەرووی بابولمەندەب و ... .

هەروەها ژمارەیەکی زۆری ویستگەی ئاو و کارەبا و دامەزراوەی نەوتی وڵاتانی کەنداو لە ناو ئاوەکانی کەنداودا هەن کە لە ئەگەری ڕوودانی جەنگدا بە ئاسانی لە لایەن ئێرانەوە دەپێکرێن. ئەمە جگە لەوەی ئێران لە ڕێگەی حوسییەکانی یەمەنەوە دەتوانێ لە ناو خاکی سعودیادا بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕادەستی حوسییەکانی کردوون ناوەندە هەستیارەکانی سعودیا بکاتە ئامانج، سەرباری ئەوەی حوسییەکان دەتوانن ڕێڕەوی کەشتییەکان لە دەریای سوور بخەنە مەترسییەوە.

ئێران لە سووریا و لوبنانیش کۆمەڵێک هێزی تایبەتی سەربەخۆی هەیە کە لە ڕێگەی ئەوانەوە دەتوانێ هەستیارترین ناوەندەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج. وەکوو حزبوڵڵای لوبنان کە بانگەشەی ئەوە دەکات پڕچەکە بەو جۆرە رۆکێتانەی دەتوانرێت ڕیاکتۆری ئەتۆمی ئیسرائیلیان پێ بکرێتە ئامانج. یا لە کاتی جەنگدا هێزەکانی بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بگوازێتەوە و گورزی قورسیان لێ بوەشێنێت.

هەروەها لە سووریا لەشکری شەڕکەرانی ئەفغانی (فاتمیون)ی هەیە کە ئەزموونی شەڕکردن لە نزیک بەرزاییەکانی گوڵانیان هەیە، واتە ئەو ناوچەیەی بنکەی سەربازی (نایف)ی ئەمریکای لێیە و لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.

بە دەستنیشانکردنی ئەم خاڵانە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە بە هاوپەیمانییەکی کاریگەر و سەرکەوتوو نابینرێت و وا لێکدەدرێتەوە کە شەڕی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە هەر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەهێڵدرێتەوە و هاوشێوەی شەڕی سووریا بە شەڕێکی درێژخایەن بە ئەنجامێکی نادیارەوە هەڵدەسەنگێنرێت. بۆیە وەک جەخت دەکرێت تا ئێستا کاری جدی بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە نەکراوە.

لە عێراقیش وەک بەردەوام باسی کراوە و جەختی لە سەر دەکرێت، ئێران هەم لە ڕووی ئایینی و هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی سەربازییەوە زۆرترین کاریگەری هەیە و بە ڕادەیەکی سەرسووڕهێنەر کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لە دەستدایە، بۆیە بەکارهێنانی ئەم وڵاتە لە دژی ئێران و لە لایەن ئەمریکاوە لانیکەم تا ئەم قۆناغە کارێکی ئاسان نییە.

بەکارهێنانی عێراق لە دژی ئێران و لە لایەن ئەمریکاوە لانیکەم لەم قۆناغەدا کارێکی ئاسان نییە

کەواتە چونکە ئەمریکا لە بەر ئەو هۆکارانە ناتوانێ هاوپەیمانییەکی بەهێز دژی ئێران پێکبێنێ ئەگەری ڕوودانی شەڕی تەواو و لەشکرکێشی بۆ سەر ئێران بە دوور دەزانرێت.

بەڵام ئاشکرایە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ئەوتۆدا لەو ڕووەوە کە ئێران هێزی سەربازی بە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا بڵاو کردووەتەوە و بە هەمانشێوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێزی سەربەخۆی و قەرارگای هەیە و پێشتر هەڕەشەی کردووە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم دەیانجوڵێنێت. لەگەڵ ئەمریکا تووشی تێکگیران دەبێ، یاخود ڕەنگە سەرەتا ئەمریکا دەستبەکار بێت بۆ لێدانی ئەو هێزانەی سەر بە ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

لە هەرێمی کوردستان هەروەها هێزی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەن کە پێکدێن لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕدا گریمانی بەهێز ئەوەیە ئەمریکا پڕچەکیان بکات و بۆ گورزوەشاندن لە ئێران بەکاریان بێنێت، کە دیارە ئەوەیش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت و کاردانەوەی ئێرانی بەداودا دێت. یا ڕەنگە ئێران لە دەستپێشخەریدا هێرش بکاتە سەریان.

لەگەڵ ئەمانە بەکارهێنانی خاک و ئاسمان و هەر تایبەتمەندییەکی دیکەی سەربازی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکا یا ئێرانەوە بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی، فاکتەری کاریگەرن بۆ گوازرانەوەی شەڕ بۆ ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و تێوەگلاندنی لە شەڕەکەوە.

ئەو شەڕەی هەڵگیرسانی بە سووتانی ناوچەکە لە ئاگردا وێنا کراوە.

 

 

 

کۆمێنتی خۆت بنووسە