تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

د. هۆشیار مەعروف: کە خەڵک بوو بە وەبەرهێن و حکومەتیش پشتگیری کرد کێشەی مووچە چارەسەر دەبێ

هۆشیار مەعروف پ، د لە بواری زانستی ئابوری
هۆشیار مەعروف پ، د لە بواری زانستی ئابوری
06 Oct
تەما / 06.10.2019

ماوەی چەند ساڵێک پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی وەک ئەنجامی ناکۆییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تووشی کێشە بوو و بە تەواوەتی و لە کاتی خۆیدا نەدەگەیشتە دەستی فەرمانبەران. هەرچەند ئەو کێشەیە لە ئێستادا بە ڕادەیەک چارەسەر کراوە، بەڵام وەک دیارە مەترسی گەڕانەوەی دۆخی قەیران بنبڕ نەبووە و چاوەڕوان دەکرێ دیسان کێشەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا لە سەر داهاتی نەوت و بوودجەی ٢٠٢٠، سەر هەڵبداتەوە. کێشەی مووچە لە ڕوانگەی سیاسییەوە بە جۆرێک شیکار دەکرێ و لە ڕوانگەی ئابوریشەوە بە جۆرێکی دیکە، ئەگەرچی سیاسەت و ئابوری لێکدابڕوا نین، بەڵام کاتێک ئابوریناسان لەم بابەتە دەدوێن ناڕاستەوخۆ پرسی سیاسەت و پلانی ئابوری وڵات بەرجەستە دەکەن. لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هۆشیار مەعروف پ، د لە بواری زانستی ئابوری ئەم پرسە تاوتوێ کراوە.

 

  • ئێمە ڕۆژانە هەواڵی جۆراوجۆر لە بارەی کێشەی مووچە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبیسین، هەندێکجار هەواڵەکان بۆ مووچەخۆران دەبنە مایەی هیواو دڵخۆشی و هەندێکجاریش بێزار و بێهیوایان دەکەن، دەیشزانین بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە هەواڵانە کاریگەرییان لە سەر دۆخی بازاڕ دەبێ و جاری وایە بازاڕ گەرم و جاری وایە بازاڕ سارد دەکەن، ئەم بارودۆخە  پێویستی خستنەڕووی تێگەیشتنێکی دروست لە بارەی کێشەی مووچە هێناوەتە ئاراوە، بە ڕاستی کێشەی مووچە چییە؟ کێشەیەکی سیاسییە؟ یا دارایی و ئابووری؟ یا شتێکی دیکە؟ هاووڵاتی چۆن بە تێگەشتنێکی دروست لەم بابەتە بگات؟

ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کە پرۆژەی بوودجە، هەمووی لە مووچەدا خۆی بینیوەتەوە، دەزانین کە خەڵکێکی زۆر مووچەخۆرن و لەوانەیە ژمارەیان لە یەک ملیۆن و ٢٥٠هەزار کەس زیاتر بێت. دیارە ئەوەیش وایکردووە خەڵک ژیانیان ببەستنەوە بە مووچە و ئەوەی نەیشیبێت حەز بکات بیبێت. لەگەڵیدا هیچ گرنگی بەوە نەدراوە کە ئەو مووچەیەی دەدرێ دەبێ لە بەرامبەر بەرهەمێکدا بێ.

ئێمە هەموو بوودجەمان بەستووەتەوە بە پارەی نەوت کە هەمووی دەڕوا بۆ مووچە و مووچەیش خەرجی بەرخۆری دەکرێ و دەڕواتە دەرەوە و لە وەبەرهێناندا ناخرێتە گەڕ، بێگومان ئەوە هیچی لێ شین نابێ  

لە لایەکی دیکەوە بیر لە هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نەکراوە کە لە بری ئەوەی ناچار بین هەر چاومان لە دەستی بەغدا بێ، پشت بە توانای خۆمان ببەستین. وەکوو دەیبینین کاتێک هەموو بوودجەت ڕۆیشت بۆ مووچە و مووچەیشت خەرجی بەرخۆری کرا و لە وەبەرهێناندا نەخرایە گەڕ بێگومان هیچی لێ شین نابێ. لە وڵاتانی پشکەوتوو ڕێژەی مووچە لە بوودجەدا 12٪ بۆ 15٪ تێپەڕ ناکات جا لە ئاستی کەرتی گشتیدا بێ یا کەرتی تایبەتدا، ئیدی ئەوەی دیکەی دەڕوات بۆ بەرژەوەندی حکومی تاوەکوو وەبەرهێنانی پێ بکرێت و توانای حکومەتی پێ زیاد بکرێت بۆ وەبەرهێنان، چونکە حکومەت نابێ تەنیا شت بکڕێ و پارەی بۆ خەرج بکات. حکومەت زۆر ئەرکی دیکەی لە ئەستۆیە، بۆ نموونە ڕیعایەی تەندروستی واتە هەموو خەڵک دڵنیایی تەندروستی حکومەت بیانگرێتەوە، یا خوێندنی بێبەرامبەر. لێرەوەیە کە دەوترێت دەبێ زیاتر پشت ببەستیت بە باج و، باج و ڕسومات دەبێ گرنگترین سەرچاوەی داهات بن، بەڵام ئێمە لە لایەک هەموو بوودجەکەمان بەستووەتەوە بە پارەی نەوت، لە لایەکی دیکەیشەوە هەموو خەرجییەکانمان بەستووەتەوە بە مووچەوە، پارەی مووچەیش یا دەڕواتە دەرەوە یا خەرجی کاڵای هاوردەی بەرخۆری دەکرێت. لە کاتێکدا هاوردە دەبێ لە خزمەتی وەبەرهێناندا بێت بە جۆرێک کە کشتوکاڵ و پیشەسازی پێ بونیاد بنێرێ و پێش بخرێت، کەچی بە پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە ئێمە هەموو توانای خۆمان بەستووەتەوە بە پارەی نەوت و ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، پارەکەیش وەکوو وتم دەبێ بە مووچە و دەچێتە دەرەوەی وڵات و بۆ کڕینی کاڵای هاوردەی بەخۆری خەرج دەکرێ. کەواتە ناتوانین بونیادی ئابووری بۆ وڵاتەکەمان دروست بکەن، بە پوختی کێشەی مووچە ئەمەیە.   

 

  • دیارە دوو لایەنی بەرپرسیار لەم بابەتەدا هەن، دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراق و دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێمی کوردستان، کاتێک لە هەڵوێستەکان و ڕوونکردنەوەکانی هەر یەک لەو دوولایەنە دەڕوانین، تا ئێستا وا بووە کە هەر لایەک و مافی تەواوی بە خۆی داوە و هۆکاری سەرهەڵدان و چارەسەرنەبوونی  کێشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئەوی دی، بەڵام دەزانین کە هەر دوولا لە ئاست مووچەی فەرمانبەران بەرپرسیارن و ئەگەر بەرپرسیارێتییەکان جێبەجێ بکرانایە ئێستا کێشەکە چارەسەر ببوو. گرفت لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییانە چییە؟ کەمتەرخەمبوون لە ئاست جێبەجێکردنی بەرپرسارێتییە؟ یا گرفتەکە لە دەرەوەی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە هاونیشتمانی؟

کە وەبەرهێنانمان نەبوو، هیچ داهاتێک نایەتە ناو وڵاتەکەمان و ناتوانین سەربەخۆییەک دروست بکەین بۆ ئابوورییەکەمان

ئێمە کە وەبەرهێنانمان نەبوو، هیچ داهاتێک نایەتە ناو وڵاتەکەمان و ناتوانین سەربەخۆییەک دروست بکەین بۆ ئابوورییەکەمان. هەموو دەمێک بەستراوینەوە بە پارەی نەوت، تەنانەت وڵاتانی خەلیج کە ئەو هەموو نەوتەیان هەیە، ئەوە دەستیان داوەتە وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزار و بواری دیکە، چونکە بۆیان دەرکەوتووە ئەو بینا بەرزکردنەوە و ئەو جۆرە بازرگانییە هیچیان وڵاتیان بۆ پێش ناخەن، ئەوەی وڵاتیان بۆ دروست دەکات کشتوکاڵ و پیشەسازییە.

ئەمە ڕێگایەکە کە دەبێ هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بیگرنە بەر، دەبێ ڕوو بکەنە وەبەرهێنان و ژمارەی مووچەخۆر کەم بکەنەوە و لەشکری مووچەخۆرانی بێبەرهەم بگوازنەوە بۆ کارکردن بۆ وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، ڕێگەیان بۆ خۆش بکەن و پشتگیرییان بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە خۆیان و وڵاتیش بژیێنن نەک داهاتی وڵات لە بەرخۆریدا بە فیڕۆ بدەن. ئێمە دەتوانین سەدان پرۆژەی گەشتوگوزار لە کوردستان بەرەوپێش بەرین، نەک ئەوەی ئێستا هەیە و خۆمان دڵخۆش دەکەین بەوەی 100 هەزار یا 200 هەزار گەشتیار لە دەرەوە هاتوون، ئەو ژمارانە بۆ کەرتی گەشتوگوزار زۆر کەمن، لەو وڵاتانەی جوانی و تایبەتمەندییان بۆگەشتوگوزار ناگاتە جوانی و تایبەتمەندییەکانی کوردستان ژمارەی ساڵانەی گەشتیاری دەرەوە 10 ملیۆن و 12 ملێۆنە.

نابێ دڵخۆش بین بەوەی 100 یا 200 هەزار گەشتیار لە دەرەوە هاتوون، لەو وڵاتانەی جوانی کوردستانیشیان نییە ژمارەی گەشتیار 10 ملیۆن و 12 ملێۆنە

هەروەها لە بواری کشتوکاڵ دەبینین خاکەکەمان زەردە و هیچی لێ نەڕواوە، دەچیتە وڵاتانی دیکە هەر لە فڕۆکەخانەوە تا دەگەیتە ناو شار بە درێژایی 20 – 30 کیلۆمەتر سەوزایی و پرۆژەی کشتوکاڵ دەبینی، بستێک زەرداییت بەرچاو ناکەوێ، لەگەڵ ئەوەیش بە هیچ جۆرێک ناهێڵن شار بۆ دەشتایی پەرە بستێنێ و زەوی کشتوکاڵ بینای تیادا دروست بکرێت. وەرە سەیری هەولێر بکە بە ڕادەیەک بیناسازی شار پەرەی پێدراوە خەریکە بەرەو موسڵ و کەرکووک و کۆیە دەڕوا و زەوی کشتوکاڵی تا دێت بەرتەسک دەبێتەوە. دەبێ ئەوە نەمێنێ و ئەو بوارانەن کە پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە کاریان بۆ بکرێت.   

 

  • کاتێک دەوترێت پێویستە پرسی مووچە تێکەڵ بە پرس و بابەتی دیکە نەکرێ و لێگەڕێن بە شێوەی ئاسایی و وەک خۆی بگاتە دەستی فەرمانبەران، مەبەست چییە؟ ئەو تێکەڵكارییە چۆن کرا و کێ کردوویەتی؟ چ ڕێوشوێنێک هەیە بۆ ئەو بەرگرتن  بەو تێکەڵکارییە و گەڕاندنەوەی بۆ بارە ئاساییەکەی خۆی؟

وڵاتانی خەلیجش بۆیان دەرکەوتووە نەوت و بینا بەرزکردنەوە پێشیان ناخات بۆیە دەستیان داوەتە وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزار و بوارەکانی دیکە

مووچە ئەو پارەیە کە لە بوودجە دەردەهێنرێ بۆ فەرمانبەران، ئەو پارەیەش لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت، خۆ حکومەتی بەغدا ناتوانێ ئەو پارەی لە بەسرە وەک باج وەردەگیرێت بیدا بە کوردستان، کوردستانیش هەر پارەیەکی هەیە زۆرینەی سەرچاوەکەی نەوتە، بۆیە بابەتی تێکەڵکردن و تێکەڵنەکردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی بوودجە و مووچە و هەموو شتێک هەر نەوتە، ئیدی گەر هەر لایەک خواستی دیکەی هەیە و دەیبەستێتەوە بەو بابەتەوە، ئەوە دەچێتە خانەی سیاسییەوە نەک ئابووری و دەبێ هەر لە خانەی سیاسەتیشدا چارەسەر بکرێت.  

 

  • دەنگێک هەیە کە بەردەوام جەخت دەکات دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکات، هەندێک بژاریش باس دەکەن وەکوو پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆیی و ڕێکخستن و ئەکتیڤکردنی کەرت و بواری جۆراوجۆری دیکەی جگە لە نەوت، ئەم دەنگە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

ئەوە لە کاتێکدا دەکرێ کە وەبەرهێنانی زۆرت کردبێ، کۆمپانیای گەورەی پشکداریت دروست کردبێ، پیشەسازیت پێش بخەیت، کشتوکاڵت پێش بخەیت. ئەو کات دەتوانی پشت بە خۆت ببەستیت.

تۆ لە کوردستان سێ بوارت هەیە کە بریتین لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار، ئەوانە دەتوانن داهاتت بۆ دروست بکەن، پێویستە ئەو سێ بوارە پێش بخرێن. ئەگەر ئیرادەیان بۆ بخرێتە کار ئەوا پێش دەخرێن، بەڵام پلان و کار و ماندووبوونی دەوێ. دەبێ پلانی ستراتیژی بۆ دابڕێژرێ و خشتەی کاتی 10 بۆ 15 ساڵی بۆ لە بەرچاو بگیرێت.

دەبێ ڕوو بکرێتە وەبەرهێنان و لەشکری مووچەخۆرانی بێبەرهەم بگوازرێتەوە بۆ کارکردن لە بوارەکانی کشت و کاڵ و پیشەسازی و ...

ئەم کێشەیە خۆ هەر لەم وڵاتەدا نییە، سعودییە، ئیمارات و چەندین وڵاتی دیکە گرێدراوی نەوتن، بەڕاستی نەوت بووەتە ژەهر بۆ ئابووری ئەو وڵاتانە، چونکە تووشی نەخۆشی هۆڵەندی بوون، هەرچەند خۆی هۆڵەندا وەک ئەمانی لێ نەقەوما کە نەخۆشییەکەیشی بە ناو کراوە. وڵاتانی کەنداو و عێراق بە دەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن.    

 

  • هەندێکجار لە بەرپرسانەوە گوێمان لێ دەبێ کە جەخت دەکەن لە کێشەی مووچەدا نابێ چاو لە مافە دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا بپۆشین، ئەمە ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بە خەڵکی کوردستان دەدات کە ئەگەر هات و هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێکنەکەوت و کێشەی مووچە چارەسەر نەکرا، ئەوە هۆکارەکەی چاپۆشینەکردنی بەرپرسانە لە مافەکانی کورد، ئەمەش بەشێکی بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە سەر شانی خەڵک، بە جۆرێک کە پێویستە لە پێناو مافە دەستوورییەکانی کورددا چاوپۆشی لە ناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە بکەن، لە وەها حاڵێکدا خەڵک دەبێ چ هەڵوێستێکیان هەبێ و چۆن مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکەن؟

ئەوە پەیوەندی بە ڕادەی باوەڕمەندبوونی خەڵک بە پلان هەیە، هەروەها ئەوەیش گرنگە کە پلان تا چەن متمانە لای خەڵک دروست دەکات.

ئەو وڵاتانەی گرێدراوی نەوتن تووشی نەخۆشی هۆڵەندی بوون، هەرچەند هۆڵەندا بە ڕادەی ئەمان لێینەقەوما

من پێمباشە بۆ نموونە خەڵک ڕوو بکەنە پێکهێنانی کۆمپانیای پشکداری، بۆ نموونە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبینین تەنانەت خوێندکاران دەچن کۆمپانیای پشکداری دادەمەزرێنن بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاجیا، من بڕوام وایە خەڵک بەوە لە مووچەخۆری و چاولەدەستبوونی حکومەت رزگاری دەبێ. لە بەرامبەردا پێویستە حکومەتیش بە یاسای توندوتۆڵ پشتگیرییان بکات، نەک وەک ئەوەی لە چاڤی لاند کرا، واتە بە پشکی خەڵک کۆمپانیای پشکدار دروست کرا و یەک فلس قازانجیش بۆ خەڵکی خاوەن پشک نەگەڕایەوە. کەسیش لە سەری نایەتە دەنگ، جا مەبەستم ئەوەیە کە دەڵێم حکومەت بە یاسای توند پشتگیری کۆمپانیای پشکدار بکات. هەر کات بە گوێرەی یاسا کار نەکرا سەرپێچیکار دادگایی بکرێ و سزا بدرێ و مافی خەڵک بگەڕێندرێتەوە.

ئەوە نموونەیەکە کە خەڵك دەتوانێ لە ڕێگەیەوە چالاکی تەندروستی ئابووری هەبێ و خۆیشی و کۆمەڵگا سوودی مادی باشی لێ ببینن، نەک ئەوەی پاڵ بداتەوە تا سەری مانگ و ئەو کات مووچە بخاتە باخەڵی، بەڕاستی ئەوە دزیکردنە نەک پیشە یا چالاکییەکی ئابووری. دەبێ ئەوە بنبڕ بکرێ و خەڵک ڕوو لە کشتوکاڵ و پیشەسازی بکات. کاتێک خەڵک خۆی دەستی لە وەبەرهێناندا هەبوو و نانی ڕەنجی شانی خۆی خوارد، حکومەتیش لەوەدا پشتگیری کرد و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین کرد، دڵنیابە ئاستی تەبایی و خۆشەویستیش لە کۆمەڵگادا بەرز دەبێتەوە، ئینتما بۆ نیشتمان بەهێز دەبێ، جیاوازی حزبی و سیاسی شوێنی خۆی دەدات بە برایەتی و کوردایەتی. بەو شێوەیە خەڵک بەرپرسیارێتی بەرامبەر نیشتمانەکەی جێبەجێ دەکات.

لە کوردستان سێ بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار دەتوانن داهات دروست بکەن و پێویستە ئەو سێ بوارە پێش بخرێن

لە ڕاستیدا پارەی نەوت بۆ هەمیشە نامێنێت، نەک هەر بۆ ئێمە بۆ وڵاتانی کەنداویش وایە، دنیا بەرەو ئەوە دەڕوات کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و مەترسییەکانی سەر ژینگە لە گرنگی نەوت کەم دەکەنەوە، نەوت زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێ و شوێنگرەوەی بۆ پەیدا بووە، ئێستا بێ پشتبەستن بە نەوت تەکنۆلۆژیا بەرەو پێش دەچێ و بە گڵۆپێک شارێک ڕووناک دەکرێتەوە.       

 

  • ئێستا لەم بارودۆخەدا رێگەی دروست کە هەرێم دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنی  کێشەی مووچەی فەرمانبەران بیگرێتە بەر چییە؟

پێش هەموو شتێک پێویستە لە ناوخۆدا پاکسازی بکرێت و بە تایبەت مووچەخۆری بێکار نەمێنێت، واتە مووچە بۆ ئەو کەسانە بێت کە کار دەکەن، پاشان وەکوو ئاماژەم پێدا ڕێخۆشکەری بۆ پێشخستنی کۆمپانیای پشکدار بکرێت، بۆنموونە لە هەر پارێزگایەک لە بواری کشتوکاڵ 20 بۆ 25 کۆمپانیای گەورە دابمەزرێنە، دەرچووانی بەشی کشتوکاڵی تیادا بخە ئیش، خاوەن موڵک و جوتیاری بۆ بە ئیش بخە، ئیرادەیەکی پتەوی بۆ بەکار بێنە، بزانە چ پێشکەوتنێک بە دەست دێنی و ژمارەی مووچەخۆرت چەند کەم دەبێتەوە و ئاستی وەبەرهێنان و ئاوەدانبوونەوەت چەند بەرز دەبێتەوە.

لە هەولێر بە ڕادەیەک بیناسازی شار پەرەی پێدراوە زەوی کشتوکاڵی تا دێت بەرتەسک دەبێتەوە

بڕۆ تورکیا هەر لە سەر سنوورەوە تا دەگەیتە ئیستەنبول سەوزایی و بەروبوومی کشتوکاڵە، بەڵام کە دەگەڕێیتەوە هەرێمی کوردستان دەبینی هەر لە زاخۆوە تا خانەقین زەویت زەرد و بێ بەرهەمە. ئینجا وڵاتی ئێمە کە لە هەموو لایەکەوە وڵاتی گەشتوگوزارە، دەکرێ بە دەستی خۆمان زۆر پێشی بخەین. بۆ بواری پیشەسازیش وڵاتەکەمان خاوەن توانایەکی ئێجگار زۆرە، چونکە کان و کانزای زۆر و دەوڵەمەندمان هەیە کە دەتوانین بە باشترین شێوە سوودیان لێ ببینین و بیانکەینە گەورەترین سەرچاوەی داهات. من چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچە و زۆر کێشەی دیکەیش لەوانەدا دەبینم.

کۆمێنتی خۆت بنووسە