لە گەرمەى ململانێ ناوخۆييەكانى عێراق و دەستوەردانى دەرەكى لە كاروبارى ئەو وڵاتە، کەسایەتییەک كورسی دەسەڵاتى گرتووەتە دەست بە مەبەستى ڕێگرتن لە نغرۆبوونى عێراق، بەڵام بە هۆى ئەوەى هێزێكى سياسي ديار لە پشتييەوە نييە، ڕەنگە نەتوانێت هيچ گۆڕانكارييەكى ئەوتۆ بكات، هەرچەندەش لەگەڵ كورد پەيوەندييەكى دێرينى هەيە، بەڵام نە هەرێمى كوردستان دەتوانێت پشتى پێببەستێت و نە كۆسپەكانى بەردەميشى بوارى پێدەدەن كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكات.
عادل عەبدولمەهدى كێيە؟
عادل عەبدولمەهدى ساڵى 1942 لە شارى بەغداد لە دايك بووە و نازناوەكەى بريتييە لە منتەفكى، سەر بە بنەماڵەيەكى شيعە مەزهەبى ناودارە و بەهۆى ئەوەى خێزانەكەيان سەرودەرى لەگەڵ سياسەت و حوكمڕانيدا هەبووە، بۆيە عەبدولمەهدى هەر زوو خولياى سياسەتكردن بووە، بەڵام بە هۆى ئاراستەى سياسييەوە لە سەردەمى ڕژێمى بەعسدا ئاوارەى ناوچە سنوورييەكان و دەرەوە بووە تا سەرئەنجام گەيشووەتە فەڕەنسا و لەوێ نيشتەجێ بووە و خوێندنى ئەكاديميى لە بوارەكانى سياسەت و ئابووريدا تەواو کردووە، هەرچەندە چەند جارێك گۆڕانكاريى لە بيروڕاى سياسييدا ڕوويداوە، بەڵام دواجار چووەتە ڕيزەكانى ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشى ئيسلامى و لەو حزبەدا درێژەى بە كارى سياسى داوە و بووەتە يەكێك لە سەركردەكانى. دواى ڕوخانى رژێمى بەعسيش لە ساڵى 2003دا، گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و يەكێك بووە لەو سەركردە سياسييانەى كە رۆڵى هەبووە لە پێكهێنانەوەى حكومەت و عێراقى نوێدا، بە هۆى ئەوەى سياسييەكى شارەزا و بەئەزموون و لەسەرخۆ بووە، بووەتە جێى سەرنجى سەركردە سياسييەكان، بۆيە چەندين پۆستى گرنگى پێسپێردراوە وەكوو وەزيرى دارايى و جێگرى سەرۆك كۆمار و وەزيرى نەوت، لە دوايين هەڵبژاردنيشدا لايەنەكان كانديديان كرد بۆ پۆستى سەرۆكوەزيرانى عێراق و ڕۆژى 24ى ئۆكتۆبەرى ساڵى 2018 لە لايەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە متمانە بە كابينە وزارييەكەى بەخشرا.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکێکە نە كورد دەتوانێ پشتى پێببەستێ و نە بوارى پێدەدرێ كێشەكانى هەرێم و بەغداد چارەسەر بكات
عەبدولمەهدى چۆن كرا بە سەرۆكوەزيران؟
لە هەڵبژاردنەكانى مانگى ئايارى 2018دا هيچ لايەن و هاوپەيمانێتييەكى عێراق نەيتوانى زۆرينەى كورسييەكانى پەرلەمان مسۆگەر بكات، بۆيە ڕكابەريى و نەبوونى متمانە لە نێوان پێكهاتە و هێزە سياسييەكان عێراقى گەياندە خاڵێكى مەترسيدار، بە ناچارى لايەنەكان پەنايان بۆ دوايين بژاردە برد، ئەويش دۆزينەوەى كەسێك بوو كە هەمووان لەسەرى كۆك بن، چ لە سەر ئاستى ناوخۆ و چ لە سەر ئاستى هەرێمايەتى و نێودەوڵەتى، بەو پێيەى عادل عەبدولمەهدى سياسييەكى نەرم و نيان بوو پەيوەندييەكانى لەگەڵ هەر دوو دەوڵەتى ئەمريكا و ئێران باش بوو، لايەنەكانى ناو هەر دوو هاوپەيمانێتيى بنياتنانەوە و چاكسازيى ڕێکكەوتن لە سەر پشتيوانيكردنى عەبدولمەهدى بۆ گرتنەدەستى پۆستى سەرۆكوەزيرانى عێراق، تاران و واشنتۆنيش هيچ تێبينييەكى ئەوتۆيان لە سەرى نەبوو، لايەنە كوردستانييەكانيش عەبدولمەهدييان بە باش زانى بۆ پێكهێنانى كابينەى نوێى حكومەت. بەو شێوەيە و دواى چەند مانگێك لە دانوستان و گفتوگۆى نێوان لايەنەكان عادل عەبدولمەهدى پۆستى سەرۆكوەزيرانى عێراقى وەرگرت.
عادل عەبدولمەهدی لە نێوان کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا و فوئاد مەعسوومدا - قۆناغی شۆڕشی شاخ
عادل عەبدولمەهدی سياسييەكى شارەزا و بەئەزموون و لەسەرخۆ بووە و چەندين پۆستى گرنگى وەكوو وەزيرى دارايى و جێگرى سەرۆك كۆمار و وەزيرى نەوتی عێراقی پێسپێردراوە
پەيوەنديى نێوان كورد و عادل عەبدولمەهدى
مێژووى پەيوەندييەكانى نێوان عەبدولمەهدى و لايەنە كوردستانييەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەى كە لە دواى ئازادبوونى لە زيندانەكانى ڕژێمى بەعس، لە كۆتايى حەفتاكانى سەدەى ڕابردوودا ئاوارەى ناوچەكانى باشوورى كوردستان و سنوورى ئێران بوو، وەكوو خۆى ئاماژەى بۆ كردووە، لە كۆتايى حەفتاكان و هەشتاكاندا كە ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشى ئيسلامى چەند بنكە و بارەگايەكى لە ناوچە سنوورييەكانى باشوورى كوردستاندا هەبووە، عەبدولمەهدى لەگەڵ سەركردە سياسييەكانى كورد پەيوەندييەكى بەتينى دروست كردووە و هێزە كوردييەكان هاوكارێكى باشيان بوون بۆ چالاكيى سياسى و سەربازيى و كارى ڕێكخستن لە دژى ڕژێمى بەعس، لە ماوەى مانەوەشيدا لە باشوورى كوردستان چەندين ناوچەى جياواز و گوند و شارۆچكەى كوردستان گەڕاوە و شارەزاييەكى باشى لە بارەى مێژووى كورد و ئەو ستەم و دوژمنكارييە هەيە كە لە لايەن حكومەتە يەك لە دوای يەكەكانى عێراقەوە لە دژى گەلى كورد کراون، بۆيە عەبدولمەهدى هاوسۆزييەكى باشى لەگەڵ دۆزى كورددا هەيە و پشتيوانى لە بەديهێنانى داخوازييەكانى گەلى كوردستان دەكات، ئەو هەڵوێستەشى لە كۆڕ و كۆنگرە و پێشهاتە سياسييەكاندا بە ئاشكرا دەربڕيوە و وەكوو خۆى دەڵێت: " لە كورد زياتر بەرگرى لە ماف و داخوازييەكانى خەڵكى هەرێمى كوردستان دەكات".
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
تەنیا سیاسییەک کە لایەنە عێراقییەکان توانیان بۆ ئەم قۆناغە لە سەری کۆک بن عادل عەبدولمەهدی بوو
چاوەڕوانييەكانى كورد لە عەبدولمەهدى
بە درێژايى مێژووى دەوڵەتى عێراق كورد لە كاتى گۆڕانكارييە سياسييەكاندا چاوەڕوانى ئەوەى لە بەرپرسانى بەغداد كردووە مافەكانى لە ناو عێراقدا بەدى بێنن و چارەسەرێكى ڕيشەيى بۆ كێشەكانى بدۆزرێتەوە، بەڵام دواى هەموو گۆڕانكارييەكان بەرپرسانى عێراق لەو بەڵێنانە پاشگەز بوونەتەوە كە پێشتر بەكورديان دەدا، لە دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسيش كورد كاراكتەرێكى سەرەكى بوو لە پێكهێنانەوەى حكومەت و دامەزراوەكانى عێراقدا ڕۆڵى بەرچاوى هەبوو، بەڵام هەروەكوو جارەكانى پێشتر بەرپرسانى عێراق وردە وردە لە بەڵێنەكانيان پاشگەز بوونەوە و لە كاتێكدا پێشتر بەرگرييان لە مافەكانى كورد دەكرد، بەرەو فشاردانان لە سەر هەرێمى كوردستان هەنگاويان نا، بەو هۆيەشەوە پەيوەندييەكانى نێوان هەرێم و عێراق بەرەو ئاڵۆزى چوون، كار گەيشتە ئەوەى هەرێمى كوردستان هەنگاو بۆ جيابوونەوە لە عێراق بنێت و ساڵى 2017 ڕيفراندۆمى کرد، بەڵام هەلومەرجى ناوخۆيى و هەرێمايەتى و جيهانى پێچەوانەى خواستەكانى كورد بوون و فشارەكان بۆ سەر هەرێمى كوردستان زياتر بوون، تەنانەت بوار بۆ حكومەتى بەغداد ڕەخسا بە زەبرى هێز كورد لەو ناوچانە دەربكات، كە لە ميانى شەڕى تيرۆردا لە دەست داعش ڕزگارى كردبوون، بەوەش لە سەدا 51ى خاكى باشوورى كوردستان لە دەست درا و تەنانەت مەترسى لە سەر ئەزموونى هەرێمى كوردستان دروست بوو، بە هۆى فشار و نێوەندگيريى خۆرئاوا و ئەورووپا جارێكى تر بوار ڕەخسا بۆ دانوستانى نێوان كورد و حكومەتى عێراق و داوا لە هەر دوولا كرا پابەند بن بە دەستوورەوە، كورد گەڕايەوە بۆ بەغداد و خولێكى نوێى هەڵبژاردن هاتە ئارا، كە ئەنجامەكەى گرتنەدەستى دەسەڵات بوو لە لايەن عادل عەبدولمەهدييەوە، ئەوەش لايەنە كوردستانييەكانى دڵخۆش كرد و پێشوازييان لەو هەنگاوە كرد، چونكە كورد چاوەڕوانى ئەوە دەكات عەبدولمەهدى بەشێك لە مافەكانى هەرێم جێبەجێ بكات.
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
عادل عەبدولمەهدی دەڵێت لە كورد زياتر بەرگرى لە ماف و داخوازييەكانى خەڵكى هەرێمى كوردستان دەكەم
عەبدولمەهدى تا چەند دەتوانێت داواكارييەكانى كورد جێبەجێ بكات؟
دواى گرتنەدەستى پۆستى سەرۆكوەزيران، عادل عەبدولمەهدى چەندين دەستپێشخەريى بۆ كورد كرد سەبارەت بە چارەسەركردنى كێشەكانى نێوان بەغداد و هەولێر، حكومەتى هەرێم و لايەنە كوردستانييەكانيش پێشوازييان لەو هەنگاوانەى سەرۆك وەزيران كرد، بەوەش دۆخێكى نوێ لە پەيوەندييەكانى نێوان هەرێم و عێراقدا هاتە ئاراوە، لە ساڵى 2019دا حكومەتى عێراق بەشێك لە بوودجەى هەرێمى كوردستانى ڕەوانە كرد و ئامادەيى پێشاندا ئەگەر هەرێم بەشێك لە نەوتەكەى ڕادەستى بەغداد بكات ئەوا پشكى هەرێم بەو شێوەيەى لە ياساى بوودجەدا هەيە ڕەوانەى دەكات، بۆ پرسەكانیتريش لە سەر ئاستى هەر دوو حكومەت چەندين ليژنە پێكهێندراون، بە وتەى چاودێرانى سياسى ئەگەر حكومەتى هەرێم لەگەڵ بەغداد لە سەر پرسى نەوت و بوودجە رێكنەكەوێت ڕەنگە ئەو دۆخە هەنگوينييەى نێوان هەرێم و عێراق هەتا سەر درێژە نەكێشێت و بۆ ساڵى 2020 بەغداد ناردنى پارە ڕابگرێت، كە ئەوەش دەبێتە هۆى دروستبوونەوەى كێشە و، سەرجەم پرسەكانى ديكەش پەكيان دەكەوێت و هاوكێشەكە دەبێت بە گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر، ئەو كاتە عادل عەبدولمەهدى ئەگەر نيازيشى هەبێت بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى نێوان هەولێر و بەغداد، ناتوانێت لە پشتيوانييەكانى لە هەرێمى كوردستان بەردەوام بێت و لايەن و پێكهاتەكان بوارى پێنادەن. ڕەنگە ئەو كاتە عەبدولمەهدى لە كەسێكى خۆشەويست لاى پێكهاتەكانى هەرێم ببێتە كەسێكى قێزەون و نەويستراو.
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ وەزیرەکانی
كورد چاوەڕوانى ئەوە دەكات عەبدولمەهدى بەشێك لە مافەكانى هەرێم جێبەجێ بكات
پەرتبوونى پێكهاتەكان دۆخى عێراق ئاڵۆزتر دەكات
ئەو عێراقەى كە سەدەيەك پێش ئێستا لە لايەن براوەكانى جەنگى يەكەمى جيهانييەوە پێكهێنرا بۆ ئەوەى ببێتە قەوارەيەكى سياسى و پێكهاتە جياوازەكان كۆ بكاتەوە، نەك نەبووە ولاتێكى ئارام بۆ پێكهاتەكان، بەڵكو بە درێژايى حوكمڕاني عێراق لايەن و پێكهاتەكان لە جياتى پێكەوەژيان بەردەوام درزەكانى نێوانيان زياتر بووە. ئەگەر لە سەردەمى پاشايەتى و كۆماريدا پێكهاتەى سوننە بە زۆرەملێ توانيبێتى پارێزگارى لە يەكپارچەيى خاكى عێراق بكات و زاڵ بێت بە سەر پێكهاتەكانى تردا، ئەوا لە دواى 2003 ئەو بە زۆر مانەوەيەش دادى عێراقى نەدا و پرۆسەى نوێى سياسى بووە هۆى دابەشبوونى ناوماڵى شيعە و هەر دوو پێكهاتەى سوننە و كورد. ڕەنگە هەر ئەوەش هۆكارێك بێت بۆ ئەوەى عادل عەبدولمەهدي وەكوو دواچانس بۆ مانەوەى عێراق كورسى حوكمڕاني درابێتە دەست، بەڵام پەرتبوونى پێكهاتەكان دۆخى عێراق و پرۆسە سياسييەكەى زياتر ئاڵۆز كردووە و لە هەر ئان و ساتێكدا ئەگەرى تەقينەوەى ئەو بەرميلە بارووتە لە ئارادايە كە بە درێژايى سەد ساڵى ڕابردوو هەوڵ بۆ داپۆشين و كپكردنى دەدرێت، بۆيە ئەگەر عادل عەبدولمەهدى پلانيشى هەبێت بۆ دەربازكردنى عێراق لەو دۆخە سياسييە چەقبەستووەى كە تێيدايە، ڕەنگە دەرئەنجامەكەى بە شكست كۆتايى بێت و عێراق بەرەو تونێلێكى تاريك هەنگاو بنێت، هۆكارەكەشى بۆ دەستوەردانى دەرەكى و بێمتمانەيى لايەن و پێكهاتەكان دەگەڕێتەوە بەرامبەر يەكترى كە لە سەر بنەماى گومان و يەكترسڕينەوە و قبوڵنەكردنى بەرامبەر كار دەكەن و هەر لايەنێك هەوڵ دەدات هەژموونى خۆى بە سەر ئەوانى ديكەدا بسەپێنێت و ئامادە نييە سازش لە سەر داواكارييەكانى بكات.
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
ئەگەر حكومەتى هەرێم لە سەر نەوت و بوودجە لەگەڵ بەغداد رێكنەكەوێت عادل عەبدولمەهدى ناتوانێت لە پشتيوانييەكانى بۆ هەرێمى كوردستان بەردەوام بێت
لە پشتيوانيكردنى عەبدولمەهدييەوە بۆ دژايەتيكردن
دواى هەڵبژاردنەكانى 2018 پرۆسەى سياسى لە عێراق بە بنبەست گەيشت و لايەن و پێكهاتەكان نەيانتوانى زۆرينەى پەرلەمانى دروست بكەن و حكومەت پێكبهێنن، بۆيە دواى چەندين خول دانوستان و گفتوگۆ، زۆرينەى لايەنەكان گەيشتنە ئەو بڕوايەى کە عەبدولمەهدى باشترين بژاردەيە بۆ پێكهێنانى حكومەت، بەوەش دوو ئامانجيان دەپێكا: لە لايەك بواريان بۆ ڕكابەرەكانيان نەدەهێشتەوە تاوەکوو پاوانى دەسەڵات بكەن و كورسي حوكمڕانى بگرنە دەست، لەلايەكى ديكەش عادل عەبدولمەهدى هيچ هێزێكى ئەوتۆى سياسى لە پشتى نييە تا بتوانێت پشتى پێببەستێت و قسەى خۆى زاڵ بكات و ئەجێنداكانى جێبەجێ بكات، بۆيە دەتوانن فشارى لێبكەن، هەر ئەوەشيان كرد و ئێستا لە زەمينى واقيعدا پلانەكانى خۆيان جێبەجێ دەكەن، بە جۆرێك هەر لايەنە و لاى خۆيەوە ئاراستەى ڕەخنەكانى ڕوو لە عەبدولمەهدييە و بۆ ئامانجى سياسی خۆيان فشارەكانيان بۆ سەر كابينەكەى زياتر كردووە. ئەو لايەنە شيعيانەى كە نزيكن لە ئێران بە ناوى چاكسازيى و خزمەتگوزارييەوە ڕەخنە لە عەبدولمەهدى دەگرن بەوەى نەيتوانيوە كارنامە وەزارييەكەى جێبەجێ بكات، بەڵام لە ڕاستيدا دەيانەوێت عەبدولمەهدى بە كار بهێنن بۆ دژايەتيكردنى ئەمريكا، لايەنەكانى دژ بە ئێرانيش بە هەمانشێوە دەڵێن: سەرۆكوەزيران ڕاستگۆ نييە و نەيتوانيوە دژى گەندەڵكاران و ئەجێنداى وڵاتانى دەرەوە بوەستێتەوە، كە مەبەستيان لە سەركردە شيعەكانى نزيك لە ئێرانە، هەرچى سوننەكانيشە چوونەتە سەنگەرى ڕەخنەگرتن لە عەبدولمەهدى و بەوە تۆمەتبارى دەكەن، كە لە ماوەى ساڵێك كاركردنى حكومەتەكەيدا كەمترين خزمەتى بە ناوچە سوننە نشينەكان كردووە و دەستى ئاوەدانى نەگەيەنراوەتە ناوچە زيانلێكەوتووەكان، ئێستا دۆخێك لە عێراقدا دروست بووە کە هەر لايەنە و داواى لێپرسينەوە لە حكومەتى بەغداد دەكات، تەنانەت هەندێك كارتى سەندنەوەى متمانە لە كابينە وەزارييەكەى عادل عەبدولمەهدى بە كار دەهێنن و نازانرێت ئەو پشێوييە دەبێتە هۆى سەرخواردنى حكومەت، ياخود نائارامی سياسى دەبێتە كۆسپێكیتر لە بەردەم عەبدولمەهديدا و حكومەتەكەى بە لاوازى تەمەنى بەڕێ دەكات!
عادل عەبدولمەهدی لە وێنەیەکی جیاوازدا
عەبدولمەهدى دەزانێ لايەنەكانی عێراق جێگەى متمانە نین، بۆيە هەر لە سەرەتاوە بێمنەتى خۆى ڕاگەياند و وتی نامەى دەستلەكاركێشانەوەكەى هەميشە لە گيرفانيدايە و ئەگەر بوارى پێنەدرێت لەو پۆستەدا نامێنێ
خاڵى بەهێزى عادل عەبدولمەهدى لە چيدايە؟
هەرچەندە سەرۆكوەزيرانى عێراق هيچ لايەنێكى بەهێز و قەوارەيەكى گەورەى پەرلەمانيى لە پشت نييە، بەڵام پێداگريى دەكات لە جێبەجێكردنى پلانەكانى و دەيەوێت ڕووبەڕووى هەموو ئەو ئاڵنگارييانە ببێتەوە كە دێنە بەردەمى. رەنگە عەبدولمەهدى باش لە دۆخى عێراق و لايەنەكان گەيشتبێت و دەزانێ جێگەى ئەوە نين پشتيان پێ ببەستێت، بۆيە هەر لە سەرەتاى دەستبەكاربوونى وەكوو سەرۆكوەزيران، بێمنەتى خۆى ڕاگەياند و ئاماژەى بەوە كرد کە نامەى دەستلەكاركێشانەوەكەى هەميشە لە گيرفانيدايە و ئەگەر بوارى پێنەدرێت كار بكات، ئەوا ئامادە نييە لەو پۆستەدا بەردەوام بێت. بۆيە تا ئێستا توانيويەتى خۆڕاگربێت لە بەرامبەر نەيارەكانى و ئامادە نييە سازش لە سەر دەسەڵاتەكانى بكات، بەو هۆيەشەوە ڕێگريى كرد لە سەندنەوەى متمانە لە چەند وەزيرێكى كابينەكەى كە تۆمەتبار كرابوون بە پشتيوانيكردن لە تيرۆر و گەندەڵى و ياساى ڕيشەكێشكردنى بەعس، عەبدولمەهدى هيچى نييە لە دەستى بدات و ڕايگەياندووە ئەگەر ئەو ئەمانەتەى دراوەتە دەستى وەكوو خۆى جێبەجێ نەكات، ئەوا ئامادەيە ڕادەستى بكاتەوە، بەڵام بە هيچ شێوەيەك بوار نادات دەست بخرێتە كاروبارەكانى و لە هەنگاوەكانى بەردەوام دەبێت.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق
لادانى عەبدولمەهدى تەنها پڕوپاگەندەى سياسييە، بەڵام دۆخى عێراقیش هێندە ئاڵۆزە كە سەندنەوەى متمانە لە حكومەت بە دوور نازانرێت
عەبدولمەهدى و ئەگەرى لادانى لە پۆستەكەى
هەرچەندە تا ئێستا لێپرسينەوە لە كابينە وەزارييەكەى عادل عەبدولمەهدى و سەندنەوەى متمانە لێى تەنها دەنگۆيە و چاودێرانى سياسى هێما بەوە دەكەن کە باسكردنى لادانى عەبدولمەهدى تەنها پڕوپاگەندەى سياسييە و هەندێك لايەن بۆ ئامانجى تايبەتى خۆيان ئەو بابەتە دەوروژێنن، بەڵام دۆخى عێراق هێندە ئاڵۆزە كە سەندنەوەى متمانە لە حكومەت بە دوور نازانرێت، چونكە وەكوو باسكرا قەوارەيەكى گەورەى پەرلەمانى لە پشتى عەبدولمەهدى نييە تا بتوانێت ڕێژەى ياسايى بۆ سەندنەوەى متمانە بشكێنێت، هاوكات بەشێك لە سەركردە سياسييەكانى عێراق لە لايەك چاويان لە پۆستى سەرۆكوەزيرانە و لەلايەكیتريش دەيانەوێت هەژموونى خۆيانى بە سەردا بسەپێنن، ئەوەى لەو ناوەندەدا دەمێنێتەوە كوردە كە دژى لادانى سەرۆكوەزيرانى ئێستايە، چونكە كورد وا لە عەبدولمەهدى دەڕوانێت كە تاكە سەركردەيە ڕاستگۆيانە دەيەوێت كێشەكانى لەگەڵ هەرێمى كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام كورد ناتوانێت باڵانسى هێز ڕابگرێت، چونكە كورد لە ناو پەرلەمانى عێراقدا خاوەنى تەنها 58 كورسييە و لايەنەكانى ديكەش كێشەيان لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا هەيە بەتايبەت لە دۆسيەى نەوتدا، بەشێك لە سوننەكان نەيارى عەبدولمەهدين و ئەوانەى تريش كە پشتيوانى لێدەكەن ناتوانن لەگەڵ كورد ڕێگر بن لە لادانى، شيعەكانيش كە تا دوێنێ هاوپەيمانى كورد بوون، ئێستا تێڕوانينيان بەرامبەر كورد گۆڕاوە و ئامادە نين لە بەر خاترى كورد پشتيوانى لە عەبدولمەهدى بكەن، بۆيە لە ئەگەرى لادانى سەرۆكوەزيراندا نازانرێت پەيوەنديى نێوان كورد و بەغداد بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت.