ساڵانه له‌گه‌ڵ داڕشتهنهوه و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق، ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه خاڵی سەرەتا، چونکە کێشەی بوودجە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ نەکراوە و تێکەڵیش کراوە بە ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی یا خود توندبوونی هەر ناکۆکییەکی سیاسی، مەترسی بڕینی بوودجە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەبێتە خەمی سەرەکی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەخاتەوە بەردەم مەترسی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی.
كێشه‌كه له كه‌یه‌وه ده‌ستیپێكردووه؟
له دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، یه‌كه‌م بیری نه‌وت له لایه‌ن كۆمپانیاییه‌كی نه‌رویجییه‌وه له هه‌رێم هه‌ڵكه‌ندرا، كه بووه هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی بۆ ده‌رهێنانی ٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژێكدا. لێره‌وه نێوانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابورییه‌كان و زۆربوونی ژماره‌ی گرێبه‌سته نەوتییەكان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاسته‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ئاڵۆزی تێكه‌وت.
ئەمە لەگەڵ ئەوەی سروشتی سیاسه‌تی وزه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وایه کە زیاد له ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه. وەکوو دابه‌شنه‌كردنی سه‌روه‌ت و داهاتی گشتی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی چاودێریی و لێپرسینه‌وه، كڕینی چه‌ك بە پارەی نەوت و... کە هەر یەکە و کۆمەڵێک لێکەوتەیان بە دوادا دێت.
نێوانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ زۆربوونی ژمارەی گرێبه‌سته نەوتییەكان ئاڵۆزی تێكه‌وت
بەڵام بڕینی بوودجە و ڕاگرتنی باڵانسی نه‌وت و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، له سه‌رده‌می نووری مالكی سهركوهزیرانهوه ده‌ستیپێكرد، تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی له ساڵی ٢٠١٤دا به‌غدا یه‌ك دیناری عێراقیشی بۆ هه‌رێمی كوردوستان نه‌نارد.
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه دوو نوێنه‌ری باڵاده‌ستی كورد له‌گه‌ڵ مالكی ڕێككه‌وتبوون، كه هه‌رێم ڕۆژانه (٤٠٠) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌نێرێته ده‌ره‌وه و پاره‌كه‌ی ده‌داته به‌غدا، به‌ڵام پاشان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان نه‌یتوانی ئه‌م كاره بكات یان نه‌یكرد!، بۆیە بوودجه‌ی هه‌رێم له ناوه‌نده‌وه بڕدرا.
له‌و كاته‌وه ساڵانه لە دوای ئامادەكردنی بوودجەی عێراق و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەبەستی پەسەندكردنی. بەردەوام ئەم بابەتە بووه‌تە جێگەی مشتومڕی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، لە پێناو جێكردنەوەی داوا و داخوازییەكانیان لە بڕگە و ماددەكانی بوودجەدا.
نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کە لە سەردەمی ئەودا هەوڵی بڕینی بوودجەی هەرێم دەستیپێکرد
ئاماده‌كارییه‌كان بۆ بوودجه‌ی ٢٠٢٠
کێشەی بوودجە و نەوت، ئەو دۆسییەیە کە لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٤)وە تا ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستانی تووشی ڕاڕایی كردووه. له كاتێكدا پێویستە ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت، نەک بە تەنها لە کاتی گفتوگۆی بوودجەدا قسەی لە سەر بکرێت و بۆ ماوەیەکی کاتی چارەسەر بکرێت.
له‌ئێستادا حكومه‌تی عێڕاق سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ داڕشتنی بوودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠. له هه‌رێمی كوردستانیش هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستیپێكردووه. لەو پڕۆژە یاسایەشدا کە دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تێبینی و پێنشنیازی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ زیاد دەکرێت و ھەندێک بڕیار و بڕگه‌ی نوێی بۆ زیاد ده‌كرێت.
پێویستە کێشەی بوودجە بە تەواوی چارەسەر بکرێت، نەک بۆ ماوەیەکی کاتی
ساڵانه له سه‌روبه‌ندی په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی عێڕاقدا، به‌رپرسانی هه‌رێم بەردەوام بۆ شوێنكردنهوهیان لە به‌شه بوودجەی عێڕاقدا، داواكاری و داخوازییەكانی كورد نوێ ده‌كه‌نه‌وه، چونكە داخوازییەكان بە درێژایی دەیەیەك ده‌بێت زیاتر هەمان داواكارین، كه بریتین له (بوودجە، مووچەی پێشمەرگە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، گوژمەی تەرخانكراو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، كێشەی نەوت و فرۆشتنی نەوتی هەرێم و پێدانی شایسته داراییه‌كانی كۆمپانیا نەوتییەكان… هتد).
ڕێکكه‌وتنه كاتییه‌كه ته‌نها چه‌ند مانگێكی كه‌می ماوه
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ڕاستەوخۆ سەرۆکوەزیران بە سەرۆکایەتی وەفدێک چووە بەغدا و دواتریش وەفدی بەغدا سەردانی هەولێریان کرد، پاشان ڕێكه‌وتنێكی كاتی‌یان تا ساڵی ٢٠٢٠ واژو كرد، كه ده‌بێت به‌غدا ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ماوه، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه بە شێوەی ڕۆژانه بنێرێت.
ئیستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستانە، چونکە حکومەتی عێراق مانگانە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ناردووە، بەڵام ئەو ئامادە نییە بەشێکی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر بوودجە
ئایا ئه‌گه‌ری بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه؟
لە سەر مەترسییەكانی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و ئەگەری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەكان لە نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا ده‌ستیپێكردووه و هه‌ردوولا هه‌وڵده‌ده‌ن بەر لەوەی گفتوگۆ لە سەر پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق بكرێت، خاڵێكی كۆك له نێوانیاندا هه‌بێت. به تایبه‌ت كورد ده‌بێت له ڕێگای ڕێكکه‌وتنی سیاسییه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بدات، نه‌ك له ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه، چونكه لایه‌نه عێڕاقییه‌كان زۆرینەن له په‌رله‌مان و ده‌توانن به‌بێ نوێنه‌رانی كورد پڕۆژه یاساكه تێبپه‌ڕێنن و په‌سه‌ندی بكه‌ن، كه ئه‌وكات كێشه و ململانێكان زیاتر قووڵ ده‌بنه‌وه و قۆناغێكی دیكه‌ی نائارامی له پهیوهندییكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێده‌كات.
ئیستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستانە، چونکە حکومەتی عێراق مووچەی ناردووە، بەڵام هەرێم ئامادە نییە بەشێکی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت
بەشێك لە چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق مەترسی خۆیان بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا لە بوودجەی ٢٠٢٠ ناشارنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن کە ناڕوونییەكی زۆر لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدادا هەیە و دیارنییە چارەنووسی وڵات بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و له كۆتاییدا ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا بە زیان بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق دەشكێتەوە. بەتایبەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. بەوپێیەی ڕێكنەكەوتنەكە دەبێتە هۆی درەنگ پەسەندكردنی بوودجەی ٢٠٢٠ی عێراق و دواتریش بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
له ئێستادا چاره‌نووسی ململانێكانی هه‌ولێر و به‌غدا، چاوه‌ڕوانییه‌كانی هاووڵاتییانی بۆ دڵنیابوون له ناردنی بوودجه و مووچه و شایسته داراییه‌كان، گه‌یاندووەته ئاقارێكی ئاڵۆز. ئەگەر ئه‌م كابینه‌یه بتوانێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی بوودجە و نەوت لەگەڵ بەغداد بە تەواوی چارەسەر بکات، ئەوا هەنگاوێک ده‌بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تا ڕادەیەک متمانەیان بە بازاڕ و داهاتووی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی سەردانی شاندی فەرمی حکومەت بۆ بەغدا
"كهمتهرخهمهیهكیتری هه‌رێم ئه‌وه‌یه یاسایی بوودجه‌ی نییه"
یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی یاسای بوودجەیە، کە نازانرێت چۆن و لە چیدا پارەی هەرێم خەرج دەکرێت. هەروەها نەبوونی یاسای بوودجە لە ئیستادا، وەک بەربەستێک لە بەردەم جێگیرکردن و دابینکردنی پشکی هەرێم لە یاسای بوودجەی عێراقدا دادەنرێت، به تایبەت له بوودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠دا. ناشزانرێت کەی حکومەت جارێکی‌تر بوودجەی گشتی دەنێرێتە پەرلەمان تا پەرلەمانیش بیکاتە یاسا.
هەرچەندە یەکێک لە باسە گەرمەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، یاسای بوودجەیە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بوودجە دیار نین و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە ماددەی یەکەم، بڕگەی هەشتەم، ئەوە خراوەتە ڕوو کە دەبێت حکومەتی هەرێم خاوەنی یاسای بوودجەی خۆی بێت و دەبێت لە لایەن پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە پەسەند بکرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە وردبینی بۆ بکرێت و لە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدرالیدا جێگەی بکرێتەوە.
كورد ده‌بێت بە ڕێكکه‌وتنی سیاسی هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بدات، نه‌ك له ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه
لە ئەگەری نەبوونی یاسای بوودجەدا بۆ ساڵی داهاتوو، دیوانی چاودێری دارایی، پەرلەمان و پەرلەمانتارانی عێراق، دەتوانن یاسا هەموارکراوەکەی بەڕێوەبردنی دارایی لە دژی هەرێم بەکار بهێنن و پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتیدا ببڕن.
بە گوتەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم، داهاتی ناوخۆ مانگانە ١٥٠ ملیار دینارە، بڕی پارەی فرۆشتنی نەوتی مانگانەی هەرێم بە بۆری و تانکەر ٧٠٠ ملیار دینارە، لە دوای مانگی چواریشەوە مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار لە بەغدادەوە دێتە هەرێم، مانگانە ئەمریکییەکانیش ٣٠ ملیار دینار دەنێرن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، واتە کۆی داهاتی مانگانەی هەرێم ترلیۆنێک و ٣٣٤ ملیار دینارە. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش پێویستی بە ٨٨١ ملیار دینارە، خۆ ئەگەر هەرێم و بەغدا ڕێکنەکەون و پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتیدا ببرێت، ئەوا ٤٥٤ ملیار دینار لەو ترلیۆن و ٣٣٤ ملیار دینارە کەم دەکات، واتە هەرێم لە ترلیۆنێک و ٣٣٤ ملیار دینارەوە دەبێتە خاوەنی 880 ملیار دینار و بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش یەک ملیار دیناری کەم دەبێت. ئەمە جگە لە شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە هێناویانەتە هەرێم و هەروەها هەندێک خهرجیتریش. لەم حاڵەتەشدا دیار نییە حکومەتی هەرێم چۆن مووچەی فەرمانبەرانی دەدات.
هێزی پێشمەرگە کە هێشتا بوودجەی پێویستی لە لایەن بەغداوە بۆ دابین ناکرێت
بوودجه‌ی پێشمه‌رگه، ئه‌و كێشه‌ی به‌رده‌وام باس ده‌كرێت
هه‌رچی بوودجەی پێشمەرگەشه یەكێكیترە لەو كێشانەی بەردهوام باس دەكرێت، بێ ئەوەی بە تەواوی ڕوون كرابێتەوە ناوه‌ڕۆكی كێشەكە چییە؟، ئایا پەیوەندیدارە بە وەلا و وابەستەبوونیانەوە بە حكومەتی هەرێمەوە نەك بە حكومەتی ناوه‌ندی؟ یان پەیوەستە بە زۆری ژمارەیانەوە بە بەراورد بە هێزە چەكدارەكانیتری عێراق؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر بۆ كورد پێویسته، ناونیشانێكی جێگیرتر و ستراتیژیتره بۆ ئه‌وه‌ی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و ئامادەكەری بوودجە پابەند بكرێت پێوەی.
نەبوونی یاسای بوودجە لە هەرێمدا بە بەربەستێک لە بەردەم جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە یاسای بوودجەی عێراق دادەنرێت
مادده‌ی ١٤٠
کێشەی مادەی ١٤٠ لە هەموو كێشەكانی دیکە زیاتر باس كراوە و باس دەكرێت. ئه‌ویش دابینكردنی گوژمەی ساڵانەیە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بێ ئەوەی ڕوون بكرێتەوە ئەو بابەتە ڕاوبۆچوونی جیاواز و تەواو پێچەوانەی لە سەرە، نەوەك لە سەر بڕی گوژمەكە كە چەند بێ یان چەند نەبێ، بەڵكو لە سەر ئەسڵی ماددە دەستوورییەكە، ئایا بەركارە یان بەسەرچووە؟ چونكە ئاسانە بوودجە تەرخان بكرێ بۆ بابەتێك پاڵپشتی دەستووری هەبێ، بەڵام قورس و مەحاڵە دابینكردنی بوودجە بۆ مەسەلەیەك کە بەشێك پێیوابێ بە سەر چووە بەشێکیش پێیوابێ هێشتا بەرکارە.
تەکنەسییەنی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکان لە حاڵی کارکردن‌دا
نه‌وتی كه‌ركووك، كۆڵه‌كه‌ی كێشه‌ی بوودجەی هه‌رێم و به‌غدا
یه‌كێكه له لایه‌نه گرنگه‌كانی ته‌نگژه‌ی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بابه‌تی هه‌نارده‌كردن و كۆنترۆڵكردنی نه‌وتی كه‌ركووكه، كه له ١٠ی ئاداری ٢٠١٤وه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك به بیانووی چاكسازیی له بیره‌نه‌وته‌كان و هێڵی بۆڕییه‌كانی نێوان کەرکووک و جه‌یهاندا ڕاگیرا. دواتریش ڕووبه‌رێكی زۆری كه‌وته ده‌ستی داعش، حكومه‌تی ناوه‌ندیش خۆی ماوه‌ی دوو ساڵ كۆمپانیای نه‌وتی باكوری له کەرکووک فه‌رامۆشكرد.
پاشان له ڕۆژی (٥/٥/٢٠١٥) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی کەرکووکی ڕاگه‌یاند به‌ره‌و به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، كه‌واته دیسانه‌وه گێمێكیتر له ته‌ڵه‌زگه و ئاڵۆزیی سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستیپێكرده‌وه، به دیاریكراوی له سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی بای حه‌سه‌ن و هاڤانه.
دابینكردنی بوودجە بۆ مەسەلەیەك کە بەشێك پێیوابێ بەسەر چووە و بەشێکیش پێیوابێ هێشتا بەرکارە کارێکی قورسە
"به‌رپرسه سیاسییه كورده‌كانی به‌غدا، ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان به‌كار ناهێن"
بابەتی بوودجە پێشتریش و لە کابینەکانی پێشوو کە ڕێژەی ١٧% جێگیر دەکرا، ھیچ جارێک ئەم ڕێژەیە نەدەگەیشتە ھەرێم، تا گەیشتە ئەو ڕۆژەی بە تەواوی بوودجه‌ی ھەرێم ببڕدرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر هاووڵاتییانی هه‌رێمی نیگه‌ران كردووه، ئه‌وه‌یه كه بۆچی نوێنەرانی كورد لە ھەموو ئەو پۆستانەی کە بەشدارن لە حکومەت بێدەنگن یان دەسەڵاتی خۆیان بەکار ناھێنن؟! بۆیه چاودێرانی دۆخی هه‌رێم به پێویستی ده‌زانن ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان باشتر و چالاكتر به‌كار بهێنن و ئه‌وكات كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان ده‌بێت بۆ ده‌ستخستنی مافی كورد له به‌غدا.
ئه‌گه‌رچی گەورەترین پۆستی باڵای عێراق بە دەست کوردەوەیە کە بە پێی دەستوور دەتوانێت ئەم پرۆژەیەی بوودجه ڕه‌تبكاته‌وه، به‌ڵام جیا له ڕۆڵه نێوهندگیرییهكهی بیره نهتهوەییهكهی پشتگوێ خستووه.
هه‌رچه‌نده سەرۆک کۆماره كورده‌كه‌ی عێڕاق دەتوانێت ڕاستەوخۆ بڕواتە ناو پەرلەمان و لەگەل ھەموو نوێنەرەکانی کورد گوشارێک دروست بكات بۆ یه‌كهه‌ڵوێستی و له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان قسه‌بكات و ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆی به‌كار نه‌هێناوه.
ئه‌گه‌رچی گەورەترین پۆستی باڵای عێراق بە دەست کوردەوەیە و دەتوانێت پرۆژەی بوودجه ڕه‌تبكاته‌وه، به‌ڵام بیره نهتهوەییهكهی پشتگوێ خستووه
اوكات جێگری سه‌رۆكی پەرلەمان کە لە پشکی کوردە، ده‌توانێت لەگەل نوێنەرەکان ھەڵوێستێکی وا دروست بكات کە بگاتە ئاستی ڕێكکه‌وتن و هاوئاهه‌نگی.
له كۆتایشدا ئه‌گه‌ر بێت و بوودجه به‌بێ كورد تێبپه‌ڕێنرێت، كورد ده‌توانێت سكاڵا لە سەرۆکی حکومەت لە دادگای فیدرالی تۆمار بكات و تا دەگاتە دادگای نێودەوڵەتی، کە مافێكی دەستووری کورده و ده‌بێت بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه یاسای بوودجە، كورد پرسی پێبكرێت.
چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد لە بەغدا
هۆكاره لاوه‌كییه‌كان، كه ده‌توانرێت ببێته ده‌رچه‌ی ڕزگاربوون
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ئه‌وه‌ی هۆكار بووه بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی كێشه و ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نەبوونی ئیرادەیەكی گشتگیر و ستراتیژییە. بەردەوام كێشەی ١٧% یان ١٢.٦%ی بوودجەی هەرێمی كوردستان ئەو زەنگەیە پێش دەستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكان لە سەر پرۆژەیاسای بوودجە لێ دەدرێت، كه چاره‌سه‌ره‌كه‌ی دەتوانرێت بە ئاسانی لە ڕێگەی سەرژمێرییەكی گشتیی دانیشتووانی عێراقەوە بزانرێت.
هەرچی كێشەی فرۆشتنی نەوت و موستەحەقاتی كۆمپانیاكانی بواری سەرمایەگوزاریی نەوتە لە هەرێم، ئەوا كێشەیەكی بونیادییە لە عێراقی نوێ‌دا و چاوەكان لەسەر دادگای باڵای فیدرالییە بۆ چارەسەركردنی یەكلاكەرەوە، نەوەك لە سەر یاسای بوودجە كە بۆ خۆی ڕاستەقینە نییە.
هه‌رێم ڕه‌خنه‌ی جه‌وهه‌ری له‌گه‌ڵ عێڕاق ئه‌وه‌یه كه به چاوی یەكەیەكی ئیداریی سه‌یری ده‌كات، نه‌وه‌كوو یەكەیەكی حكومڕان و پێویست له ناوچه‌كه‌دا
حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته چی بكات؟
هه‌رێم ڕه‌خنه‌ی جه‌وهه‌ری له‌گه‌ڵ عێڕاق ئه‌وه‌یه كه به چاوی یەكەیەكی ئیداریی سه‌یری ده‌كات، نه‌وه‌كوو یەكەیەكی حكومڕان و پێویست له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام به‌غدا نیگه‌رانییه‌كانی خۆی نیشانداوه له سه‌ر ئه‌وه‌ی کە؛ هه‌رێم رۆژانە (٦٠٠) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی جەیهانەوە هەناردە دەکات و بوودجه له ئێمه وه‌رده‌گرێت و ئاماده نییه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ست بكات.
چاودێرانی دۆخی سیاسی هه‌رێم ده‌ڵێن؛ له ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته هه‌نگاوی خێرا بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانی دارایی، ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بنێت، چونكه شەش ساڵە هەرێم یاسای بوودجەی نییە و هەوڵەکانیش بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بوودجە دیار نین و ئەگەر هەیە ئەوە ببێتە هۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لە بەغداد.
بوودجەی حكومه‌تی هه‌رێم له حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه دێت كه له ساڵی ٢٠١٣ ڕێژه‌ی ١٧% بوو كه بڕی پاره‌ی ته‌مویل كراوه كه ١٥ ترلیۆن زیاتر بوو، به‌ڵام ئێستا ڕێژه‌كه‌ی دابه‌زیوه بۆ ١٢% كه بڕی پارەی ته‌مویل كراوه كه ٩ ترلیۆن دیناره و ده‌بێ سه‌رجه‌م داهاتی خاڵه گومرگییه‌كان و ڕۆژانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕێگای سۆموه بنێرێت و ئه‌م ڕێکكه‌وتنه بۆ ماوه‌ی ساڵێكه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێڕاق، به‌ڵام چه‌ند مانگێك ماوه و كۆتایی به‌م ڕێكکه‌وتنه دێت، بۆیه هه‌رێم ده‌بێت له ڕێگای گفتوگۆوه چاره‌سه‌رێك و سازانێكی بۆ بكات و قه‌ناعه‌ت به كوتله عێڕاقییه‌كان بێنێت له سه‌ر ڕازیكردنیان، كه ئه‌مه‌شیان ڕێگایه‌كی زه‌حمه‌ته و ناكۆكی زۆری له سه‌ره‌و ڕازیبوونیان ئه‌سته‌مه.
دانیشتنی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی
ئەم کێشەیە لە بەردەم کام گریمانانەدایە؟
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕی مووچە بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە ٤٨ ترلیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵانی پێشوو ٣٦ ترلیۆن دینار بووە. هەروەها دەبێت عێراق ١٩ ترلیۆن دینار قەرز بداتەوە. بۆ پشکنین و دەرهێنانی نەوت (خزمەتگوزاری کۆمپانیاکان) ٢٠ ترلیۆن دیناری دەوێت، جگە لە ١١ ترلیۆن دینار بۆ سندووقی خانەنشینی.
بە گوێرەی یاسای بوودجەی عێراق، پشكی هەرێم لە بوودجە زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینارە، به‌و مه‌رجه‌ی دەبێت ڕۆژانە هەرێمی كوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە ڕادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ بڕە نەوتێكی لە هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە، هەر بە پێی یاساكه‌ش، ئەگەر هەرێم نەوتیش ڕادەست نەكات، دەبێت بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بنێرێت، به‌ڵام خه‌ریكه ئه‌م یاسایه له په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگی سوننه و شیعه، گۆڕانكاری پێبكرێت و پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠٢٠ هه‌رێمی كوردستان ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه بۆ به‌غدای نه‌نێرێت، ئه‌و كات به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بەغدا توند بێت و بڕیار بدات پشكی هەرێم لە بوودجەی عێراق ڕابگرێت و نەینێرێت.
گره‌نتییه‌كی ئه‌وتۆ له ساڵی نوێ نابینرێت، كه هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست نه‌كات و مووچه و بوودجه‌شی بۆ بێت
هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندینجار ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بوودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی كرداریی بۆ ئەو بابەتە نەنراوە و فشارەكانیش لە سەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە لایەن كوتلە جیاجیاكانی عێراق و پەرلەمانتارانەوە تا دێت زیاتر دەبن و تا ئێستاش هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر ئەو پرسە نییە و له شه‌قامی عێڕاقیش دژایەتی زۆر له سه‌ر ڕێككەوتنەكەی ئەمساڵی هەولێر و بەغدا هه‌بووه و تادێت زیاتر دەبن، بۆیه گره‌نتییه‌كی ئه‌وتۆ له ساڵی نوێ نابینرێت، كه هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست نه‌كات و مووچه و بوودجه‌شی بۆ بێت.
ئه‌گه‌رچی كورد نوێنەرانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له په‌رله‌مانی عێڕاقدا هه‌یه، به‌ڵام ناتوانن لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پشتگیری ته‌واو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بە هۆی ئەو ناڕوونییەی لە داهات و هۆكارەكانی پشت ڕادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا هه‌یە. هەروەها شه‌قامی عێڕاقیش پێیوایه کە حكومەتی هەرێم ویستویەتی ئەم سیاسەتە پەیڕەو بكات، به‌وه‌ی هەموو داهاتەكانی خۆی بۆ خۆی بێت و بوودجەی عێراقیشی پێبدرێت و نه‌وتیش ڕاده‌ست نه‌كات.