کاتێک پێنس و پۆمپیۆ چوون بۆ دیداری ئەردۆگان تاکە کەسێکیان لە گەڵدا بوو کە وەک وەرگێڕیش کاری دەکرد ئەویش جێمس جێفری بوو. جێفری تەمەنێکی زۆری وەک باڵوێزی ئەمریکا بە سەر بردووە و لە تورکیا و عێراق باڵوێز بووە. پاش کاری باڵوێزی لە واشنتون ئینستیتیوت وەک شارەزایەک بوو. کە بەهاری ڕابوردوو دەیڤد پۆلاکم بینی کە ئەویش لە واشنتون ئینستیتیوت کار دەکات، هەواڵی ئەوەم لێپرسی کە کارەکانی جەیمس چۆن دەڕوات وەک جێگرەوەی ماکگۆرک، ووتی کارەکانی سەختە.
جێفری هەڵگری دیدی وەزارەتی دەرەوەیە و زیاتر تورکیای بەلاوە بە بایەخترە
جێفری هەڵگری دیدی وەزارەتی دەرەوەیە، کە هەمیشە بە پێچەوانەی دیدی وەزارەتی بەرگری زیاتر تورکیای بەلاوە بە بایەخترە. جێفری بە ئاشکرا دۆستی پەکەکە نیە، ئەمەش وەها دەکات کە گومانی لە پەیوەندی لە گەڵ پەیەدە هەبێت،.
ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە جێفری و ئەوانیتر پلانی ئەوەیان هەیە کە پەرە بە لایەنە عەرەبەکەی پەیەدە بدەن و هاوکاری بکەن هەتا لە دێرەزور بتوانێت کانە نەوتەکان بپاریزێت.
دەڵێن پەیەدە بەم پلانە ڕازییە، بە پشت بەستن بە دیدارێکی ئیلاهم ئەحمەد. گوایە ئەم پلانە بۆ ڕێگرتنە لە ئێران و داعش دەست بە سەر نەوتەکەدا بگرن. بەڵام وەک شارەزایەکی ناوچەکە لە تویتێکدا ئاماژەی پێدابوو، جۆرێکە لە سەرلێشێوان .
برێت مەکگۆرک دەڵێت کە تەنها کاتێک دەتوانین کاری وەها بکەین کە دەست بکەین بە قاچاخچێتی نەوت. بەڵام ئەم هەنگاوە لە لایەن جێفرییەوە پشتیوانی لێدەکرێت. جێفری لە دیدارێکدا لە گەڵ دیفێنس پۆست باس لە پشتیوانی بۆ پلانی تورکی دەکات و هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هێشتنەوەی هەندێک سەرباز دەتوانن شەڕی داعش بکەن لە ناوچەکە، بە تایبەتی کە چەند وڵاتێکی ئەوروپی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە هەناردنی سەرباز. جێفری ئامادنیە باس لەو وڵاتانە بکات.
هەتا ئێستا تەنها دانیمارک ئامادەیە بە ژمارەیەکی کەم هاوکاربێت.
جێفری باس لە پشتیوانی بۆ پلانی تورکی دەکات و جەخت دەکات بە هێشتنەوەی هەندێک سەرباز دەتوانن شەڕی داعش بکەن
بە کورتی دەکرێت دیدی جێفری وەها کورتبکرێتەوە:
یەکەم، لاوازکردنی پەیەدە و بەهیزکردنی عەرەبەکانی ناو سوپای سوریای دیموکرات.
دوو، پاراستنی بنکەیەکی سەربازی لە دێرەزور
سێ، دابینکردنی نەوت
چوار، ڕێگری لە ئێران
پێنج، شەڕی داعش لە ئاسمانەوە
شەش، ئاشتکردنەوەی تورکیا
لە بەرامبەر ئەمەدا بەرەیەک هەیە کە دژ بە بیرۆکەی گەڕانەوەی تورکیایە چونکە تورکیا توانای گەڕانەوەی نیە. ئێستا گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا دەتوانرێت پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا وەک جارانی لێبکرێتەوە؟