تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

لیستی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان چی لە دۆخی كورد دەگۆڕێت؟

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لایەنە بەشداربووەکانی لیستی هاوبەش
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لایەنە بەشداربووەکانی لیستی هاوبەش
27 Oct
تەما / 27.10.2019

لایەنە كوردستانییەكان بڕیاریان داوە بە یەك لیستی هاوبەش بەشداریی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا بكەن، كە بڕیارە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ بەڕێوە بچێت، بەڵام دۆخی ئەمنیی ‌و سیاسیی ‌و كۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە ڕەنگە كۆسپێكی گەورە بن لە بەردەم گەڕاندنەوەی پێگە بۆ كورد ‌و دروستكردنی هاوسەنگیی هێز، هاوشێوەی پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر.

 

پێگەی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان

بە گوێرەی ئامارەكان، ناوچە كێشە لەسەرەكان كە لە ٤٤ یەكەی كارگێڕیی پێكدێت، زیاتر لە نیوەی خاكی باشوری كوردستان پێكدەهێنن ‌و تا ساڵی ٢٠٠٣ لەژێر قەلەمڕەوی حكومەتی عێراقدا بوون، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس كورد لە بەشێك لەو ناوچانەدا دەسەڵاتی گرتە دەست ‌و لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و دەسەڵاتە خۆجێییەكاندا سەنگێكی گەورەی دروست كرد، بە تایبەت لە شاری كەركوكی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سروشتیی. لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە ‌و سەڵاحەدینیش كورد پێگەیەكی بەهێزی هەبوو، ئەوەش بواری بۆ كوردانی ئەو ناوچانە خۆش كردبوو، تا ئاسەوارەكانی تەعریب ‌و پاكتاوی نەژادیی لەو ناوچانەدا كاڵ ببنەوە.

بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر، هەلێكی بۆ كورد دروست كرد کە نزیكەی تەواوی ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان كۆنترۆڵ بكات

سەرهەڵدانی داعش ‌و دەستگرتنی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا بەتایبەت ناوچەكانی باكور، دواتریش بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان ‌و هێزی پێشمەرگە وەكو هاوبەشێكی شەڕی تیرۆر، هەلێكی نوێی بۆ كورد دروست كرد تا نزیكەی تەواوی ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان كۆنترۆڵ بكات ‌و دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت ‌و هێزی پێشمەرگەیان تێدا جێگیر بكرێت.

 

لیستی هاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان

لە میانی پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ‌و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، لایەنە كوردستانییەكان لە زۆربەی پرۆسەكاندا بە لیستی هاوبەشی كوردستانیی بەشدارییان كردووە، بەوەش توانیویانە زۆرینەی دەنگەكانی ئەو ناوچانە مسۆگەر بكەن، بە تایبەت لە پارێزگای كەركوك كە زۆرینەی ڕەهای كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای بردبووەوە، بەوەش سەنگی كورد لە دەسەڵاتە خۆجێییەكاندا بەهێز بووە ‌و پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ‌و جێگری پارێزگاری دیالەی بەدەستەوە بووە. لە زۆربەی قەزا ‌و ناحییە كوردستانییەكانیشدا دەسەڵات لە دەستی لایەنە كوردستانییەكاندا بووە ‌و خاوەنی بڕیاری كۆتایی بوون، بەڵام نە حكومەتی بەغداد كاری جدیی بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ كرد ‌و نە كوردیش كارتەكانی بەكارهێنا بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی بە ڕێگەیەكی دەستووریی ‌و ئاشتییانە قۆناغەكانی ئاساییكردنەوە ‌و سەرژمێریی ‌و ڕاپرسییان تێدا ئەنجام بدرێن ‌و بگەڕێنرێنەوە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

 نەخشەیەکی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە کاتی شەڕی داعشدا

سەرهەڵدانی كێشەكان زیانی بە كورد گەیاند

لایەنە كوردستانییەكان لە زۆربەی پرۆسەكاندا بە لیستی هاوبەش بەشدارییان كردووە و زۆرینەی دەنگەكانی مسۆگەر کردووە

لە میانی شەڕی داعشدا كورد زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی كۆنترۆڵ كرد، كار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان، بڵێت: "كورد بە خوێن ناوچەكانی ڕزگار كردووە ‌و سەرلەنوێ‌ سنورەكانی هەرێمی كوردستانی كێشاوەتەوە". بەرپرسانی هەرێمیش جەختیان لەوە دەكردەوە کە ئیدی پێویست بە جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ ناكات، چونكە كورد ناوچە كێشە لەسەرەكانی گەڕاندووەتەوە سەر هەرێمی كوردستان. بێجگە لە شەڕی تیرۆر، قەیرانی ئابوریی ‌و سیاسیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی بەغدادی بەرەو ئاڵۆزبوونی تەواوەتی برد ‌و كار گەیشتە ئەوەی بەغداد بوودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەوەش پاڵی بە كوردەوە نا پەنا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرێت. ئەو پرسە بەرپرسانی بەغدادی بە تەواوی قەڵس كرد ‌و عێراق هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ ژێر قەلەمڕەوی حكومەتی ناوەندی، بۆیە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧دا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان ‌و بەغداد چووە قۆناغی گرژییەوە، تا لە ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەردا، عێراق بە ٤٢ هەزار هێزی ئەمنیی ‌و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی، هێرشی كردە سەر ناوچە كێشەلەسەرەكان ‌و لە ماوەی ٣ ڕۆژدا تەواوی ناوچەكانی كۆنترۆڵ كردەوە ‌و هێزی پێشمەرگەش پاشەكشەیان كرد بۆ هێڵی شین. ئەو هێڵەی كە پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە وەكو خاكی هەرێمی كوردستان ناسێنرابوو، بەوەش كورد تەواوی ئەو پۆستە ئیداریی ‌و سیاسییانەی لەدەست دا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ‌و شەڕی داعشدا بە دەستی هێنابوون. زۆرینەی بەرپرسە كوردەكان ناوچەكانیان بەجێهێشت ‌و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەرپرسانی دیكەی سەر بە بەغداد لە شوێنیان دانران.

 

لاپەڕەی نوێ‌ ‌و هەڵبژاردنی نوێ‌

١٦ی ئۆكتۆبەر کە عێراق هێرشی كردە سەر ناوچە كێشە لەسەرەكان، لە ماوەی ٣ ڕۆژدا بە تەواوی كۆنترۆڵی كردن

بە هۆی فشار ‌و نێوەندگیریی وڵاتانی زلهێز سەرلەنوێ‌ بەغداد ‌و هەرێمی كوردستان كەوتنەوە گفتوگۆكردن. بەغداد لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆمی هەڵوەشاندەوە ‌و حكومەتی هەرێمیش پابەندبوونی خۆی بە دەستوور ‌و بڕیارەكانی دادگاكەوە ڕاگەیاند، ئەوەش زەمینەی خۆش كرد بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لە نێوان هەرێم ‌و بەغدادا. لە مانگی ئایاری ٢٠١٨دا هەڵبژاردنێكی گشتی لە عێراق بەڕێوە چوو. پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد بە هۆی كێشە ناوخۆییەكان بووە هۆی ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ ‌و بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكەن، تەنانەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش كورد نەیتوانی وەكو پێشووتر بە لیستی هاوبەش بەشداریی بكات، تەنها یەك هاوپەیمانێتی دروست كرا كە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی (گۆڕان ‌و كۆمەڵ ‌و هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسی و دادەپەروەری)یەوە، بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان دروست كرا، تەنانەت لایەنێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكات لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، بە بیانووی ئەوەی کە دۆخی ئەو ناوچانە ناسەقامگیرە. وەكو سەرەكردە كوردەكانیش پێشبینییان كردبوو، كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان چەندین كورسی پەرلەمانی عێراقی لە دەست دا، ئەوەش بووە پاڵنەرێك كە لایەنە كوردستانییەكان بەخۆیاندا بچنەوە ‌و هەڵوەستەیەك بكەن. بەرپرسی حزبەكان دانیان بەوەدا نا كە پەرتەوازەیی ناوماڵی كوردی زیانی گەورە بە چارەنووسی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەگەیەنێت ‌و بە زیان بۆ كورد دەشكێتەوە ‌و لەبەرژەوەندی لایەن ‌و پێكهاتەكانی دیكەدا دەبێت.

نەخشەیەکی ناوچە کێشە لەسەرەکان دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

كورد دەیەوێت ئەوەی بە هێز لە دەستی دا بە هەڵبژاردن بە دەستی بهێنێتەوە

بەرپرسی حزبەكان دانیان بەوەدا نا پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد زیانی گەورە بە چارەنووسی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەگەیەنێت

ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە ‌و بڕیاری دا لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠دا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنە پارێزگای كەركوكیش بەشدار دەبێت كە بە هۆی هاوكێشە سیاسییەكانەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەڵبژادنی تێدا بەڕێوە نەچووە. لایەنە كوردستانییەكان دوای چەندین كۆبوونەوە ‌و گفتوگۆی چڕ‌وپڕ سەرئەنجام لە كۆتایی مانگی سێپتەمبەردا لەشاری هەولێر بڕیاریان دا بە یەك لیستی هاوبەش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن، لە ژێر ناوی (لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیی)، سەركردەی حزبە بەشداربووەكان دەڵێن؛ "هەرچەندە ململانێی ناوخۆیی هەیە ‌و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەوە دەخوازێت کە ناكۆكییەكان وەلا بنرێن ‌و هەمووان پێكەوە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن".

هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ‌و بزووتنەوەی گۆڕان كە پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتی هەرێمن، بەشدارن لە لیستە هاوبەشەكەدا. لایەنەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش كە لە پەرلەمانی كوردستان ئۆپۆزسیۆنن لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەی كوردستانیی، بە هەمانشێوە بەشدارن لە لیستە هاوبەشەكەدا ‌و پێكەوە دەچنە كێبڕكێكەوە. لایەنە بەشداربووەكان بۆچوونیان وایە؛ ئەگەر كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات، ئەوا دەنگی كورد بە فیڕۆ ناچێت ‌و دەتوانن سەنگی خۆیان بە دەست بهێننەوە ‌و ئەو كورسییانەی پێشتر بەهۆی فرەلیستییەوە لەدەستیان داون، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ مسۆگەریان بكەنەوە.

 لۆگۆی لیستی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

نەوەی نوێ‌ لە دەرەوەی لیستی هاوبەش دەمێنێتەوە

ئەگەر كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكات، دەتوانێ سەنگی خۆی بە دەست بهێنێتەوە

تەنها لایەن كە ئامادە نییە بەشداریی لیستی هاوبەشی كوردیی بكات لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، كە لە سەروبەندی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا وەكو جوڵانەوەیەكی سیاسیی دەركەوت و ساڵی ٢٠١٨ وەكو قەوارەیەكی سیاسیی بەشداریی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ‌و پەرلەمانی كوردستانی كرد ‌و توانی ژمارەیەك كورسی بە دەست بهێنێت. سەركردەكانی نەوەی نوێ‌ هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا بەشداریی لە هیچ یەكێك لە كابینە نوێیەكانی هەردوو حكومەتی عێراق ‌و هەرێمدا نەكەن. بڕیار بەدەستەكانی نەوەی نوێ‌ ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە ئامادە نین بەشداریی لە هیچ كابینەیەكدا بكەن كە پارتی ‌و یەكێتی تێدا بەشدار بن. سەبارەت بە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە پارتی ‌و یەكێتی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ‌و دەستكەوتی زیاتر داوای لیستی هاوبەش دەكەن، ئەگەرنا ڕێگە بە لایەنەكانی دیكە نادەن هاوبەشێكی ڕاستەقینە بن لە بڕیارەكاندا ‌و تەنها بەكاریان دەهێنن بۆ مەرامی خۆیان، دەشڵێن؛ "پارتی ‌و یەكێتی بەرپرسن لە لەدەستدانی دەستكەوتەكانی كورد لە ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكاندا ‌و دەبێ‌ دەرئەنجامەكەشی خۆیان لە ئەستۆی بگرن". ئەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ،‌ سەركردەكانی پارتی ‌و یەكێتی نیگەران كردووە ‌و ئاماژە بەوە دەكەن کە نەوەی نوێ‌ دەستی ناوخۆیی عێراقی لە پشتەوەیە ‌و دەیەوێت زیان بە دەنگەكانی كورد بگەیەنێت لە ناوچەبكێشەبلەسەرەكان و لە بەرژەوەندیی لایەنەكانی دیكەی عێراق.

عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشووتری کەرکووک کە بە سەرۆکی لیستی هاوبەش هەڵبژێردراوە

ئاستەنگەكانی بەردەم لایەنە كوردستانییەكان

سەركردەكانی پارتی ‌و یەكێتی دەڵێن نەوەی نوێ‌ دەستی ناوخۆیی عێراقی لە پشتە‌و دەیەوێت زیان بە دەنگەكانی كورد بگەیەنێت

هەرچەندە لایەنە كوردستانییەكان بڕیاریان داوە بە یەك لیستی هاوبەش بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا بكەن كە بڕیارە رۆژی ٢٠ی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت، بەڵام كورد چەندین كۆسپی گەورەی لەبەر دەمدایە ‌و ڕەنگە زاڵبوون بەسەریاندا ئاسان نەبێت. هێشتا وردەكارییەكانی لیستەكە ‌و چۆنێتیی بەشداریكردنەكە ‌و دابەشكردنی پۆستەكان یەكلایی نەبوونەتەوە ‌و ڕەنگە ئەو هەنگاوەش كارێكی ئاسان نەبێت، چونكە لایەنەكانی بێجگە لە پارتی ‌و یەكێتی دەیانەوێت خاوەنی بڕیار بن ‌و هاوبەشی ڕاستەقینە بن. بێجگە لەوەش یەكێكی دیكە لە ئاستەنگەكان لەبەردەم كورددا، دۆخی ناسەقامگیری ناوچە كێشە لەسەرەكانە، چونكە بەشێك لە ئاوارە كوردەكان هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، ژمارەیەكی زۆریش عەرەبی هاوردە ‌و شیعە مەزهەب لە ناوچەكاندا نیشتەجێ‌ كراون. لایەنی ئەمنیی لە دەستی هێزە عێراقییەكاندایە ‌و كورد هیچ هێزێكی لەو ناوچانەدا نییە تا بەرگری لە مافەكانیان بكات، ئەوەش كاریگەریی لەسەر ئاستی ژمارەی دەنگدەران دەبێت.

بەشێك لە خەڵكی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێیانوایە لایەنە كوردستانییەكان ناتوانن پارێزگارییان لێبكەن ‌و لە كاتی تەنگانەدا پشتیان تێكردوون

یەكێكی دیكە لە كێشەكان نەمانی متمانەی كوردانی ناوچە كێشە لە سەرەكانە بە لایەنە كوردستانییەكان. بەشێك لە خەڵكی ئەو ناوچانە بۆچوونیان وایە لایەنە كوردستانییەكان ناتوانن پارێزگارییان لێبكەن ‌و لە كاتی تەنگانەدا پشتیان تێكردن، بۆیە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ كوردی ناوچە كێشە لەسەرەكان كارێكی ئاسان نییە ‌و كاتی پێویستە، كاتیش لەبەردەم لایەنە كوردستانییەكاندا كەمە ‌و هیچ گرەنتییەكیان پێ نییە بۆ ئەو ناوچانە و تەنها لەسەر بنەمای جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی ‌و سۆز، مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ئەو ناوچانەدا دەكەن. لاوازیی كورد ‌و بوونی ژمارەیەكی زۆر لە هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەكانی عێراق لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەرفەتی بۆ پێكهاتەكانی دیكەی وەكو شیعە ‌و سوننە ‌و توركمان خۆش كردووە کە بە شێوەیەكی بەهێزتر لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو دەربكەون. توركمانەكان بە پشتیوانیی حكومەتی عێراق ‌و توركیا، كە بەشێكیشیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا بوونەتە خاوەنی چەك، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەنگی خۆیان بەرز بكەنەوە ‌و ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بكەن. لایەنە شیعەكانیش هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ كراوە هەتا هەژموونی خۆیان لە هەڵبژاردنەكەدا بسەپێنن ‌و زۆرینەی كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ببنەوە، هەرچی لایەنی سوننەشە، هەر دوای ڕاگەیاندنی لیستی هاوبەشی كوردستانی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا كە ١٤ لایەنی سیاسی لەخۆ دەگرێت ‌و دەیانەوێت بە هێزەوە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە پێشتر زۆربەی ئەندامەکانی کورد بوون

لایەنەكانی عێراقیش چاویان لە دۆخی ناوخۆی كوردستانە ‌و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن

وێڕای ئەوەی كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان چەند جارێك ئاماژەیان بەوە كردەوە كە دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاسایی نییە ‌و ڕەنگە بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنیی ‌و سیاسییەوە بوار بۆ ساختەكاریی ‌و ئاڵوگۆڕكردنی ئەنجامەكان ئاسان بێت ‌و بە وتەی چەند بەرپرسێكی كوردیش یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان كەموكورتیی زۆری تێدایە ‌و لە دژی بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەی كوردە، بەڵام هیچ كارتێكی فشاریان بە دەستەوە نییە لە بەرامبەر حكومەتی بەغداد ‌و لایەن ‌و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا بەكاری بهێنن. چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان وایە کە كورد تەنها یەك ڕێگاچارەی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان سەنگ ‌و قورسایی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، ئەویش یەكخستنی ناوماڵی كورد ‌و یەكڕیزیی ‌و هاوبەشیی ڕاستەقینەیە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی كورد لەسەر ئاستی عێراق ‌و ناوچەكە ‌و متمانەی تەواویش بۆ كوردانی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەگەڕێنێتەوە. بێجگە لەو هەنگاوە، كورد هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی دیكەی لەبەر دەستدا نییە، چونكە هیچ لایەنێكی دەرەكی ئامادە نییە لەبەر كورد بەرژەوەندییەكانی خۆی بخاتە مەترسییەوە. لایەن ‌و پێكهاتەكانی عێراقیش چاویان لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە ‌و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ كورد ‌و لایەنە كوردستانییەكاندا دەكەن.

کۆمێنتی خۆت بنووسە