تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

حاكم زاملی: دەست هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق

حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر
حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر
30 Oct
تەما / 30.10.2019

خۆپیشاندانەكانی عێراق تا دێت فراوانتر دەبن ‌و چەندین خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت. لایەنە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكان هەر یەكەیان بە جۆرێك لە ئاراستەكانی خۆپیشاندان دەڕوانن. لەم دیدارە ڕۆژنامەوانییەدا، حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر ‌و سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش ‌و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تیشك دەخاتە سەر وردەكاریی خۆپیشاندانەكان ‌و ئەگەرەكانی داهاتوو.

 

هۆكاری خۆپیشاندانی بەغداد و ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاست ‌و باشوری عێراق بۆچی دەگەڕێتەوە؟ كەمیی خزمەتگوزارییەكان بوونەتە هۆكار؟ یاخود پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە؟

زۆربەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە بەغداد ‌و ناوچەكانی ناوەڕاست ‌و باشوری عێراق ڕژانە سەر شەقامەكان، دانیشتووانی ناوچە هەژارنشینەكانن. زۆربەیان لەو كەسانەن كە بێكارن یاخود لە ڕیزی هێزە ئەمنییەكان دەركراون، هەروەها عەرەبانچی ‌و خاوەنی ئەو كەپرانەن كە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە پەراوێز خراون ‌و ناوچەكانیان بوونەتە وێرانە. ئەوان هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەكانیان نەكراوە، بۆیە هاتنە دەرەوە تا داوای مافە ڕەواكانیان بكەن ‌و لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە پەیامی خۆیان بدەن بە گوێی حكومەتی عێراق ‌و جیهاندا.

زۆربەی ئەو خۆپیشاندەرانەی ڕژانە سەر شەقامەكان، دانیشتووانی ناوچە هەژارنشینەكانن و داوای مافە ڕەواكانیان دەكەن

 

هۆكار چییە خۆپیشاندانەكان لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر دووبارە دەبنەوە ‌و لە ئێستاشدا بەرەو فراوانبوونی زیاتر دەچێت؟

لە ڕاستیدا یەكەم خۆپیشاندان كە ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەم ئەنجام درا. ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران شەهید كران ‌و بە چەكی زیندوو وەڵام درانەوە، كە ئەوەش لە ڕووی یاساییەوە بۆ هێزە ئەمنییەكان ڕێگەپێدراو نییە ‌و هاووڵاتی مافی خۆیەتی گوزارشت لە داواكارییەكانی بكات ‌و ئازادیی ڕادەربڕین بە دەستوور چەسپێنراوە. كەسانێكیش هەن دەیانەوێت ئەو خوێنە ڕژاوانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاربهێنن بەتایبەت كە زۆربەی خۆپیشاندەران لە توێژی گەنجانن ‌و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵیدایە، بۆیە هەندێك لایەن ویستیان دەستی تێوەر بدەن ‌و سوار شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان ببن بۆ ئەوەی ئەو خۆپیشاندانە خۆڕسكانە بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆیان بەكار بهێنن ‌و دەستكەوتی سیاسی دەست بخەن. ئەوەی تێبینی كرا دەوڵەت دەستی كرد بە هەندێك هەنگاوی چاكسازیی ‌و بڕیاری دا ڕێگە نەدرێت بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران ‌و هەروەها سزادانی هەندێك لە بەرپرسانی ئەمنی بڕیاری بۆ درا، ئەوەش هەنگاوێكی باش بوو، بەڵام هەتا ئێستا بەشێك لە داخوازییەكانی جەماوەری خۆپیشاندەر جێبەجێ‌ نەكراون ‌و ئەوەش بووەتە هۆی سەرلەنوێ‌ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان، بۆیە هیوادارین حكومەت سەرجەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكات ‌و وادەیەكی دیاریكراو بۆ یەكلاییكردنەوەی بەڵێنەكان دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەوەی ئاراستەی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییەكان بە لاڕێدا نەبرێت، چونكە هاووڵاتی هیچی تری ناوێت بێجگە لە ژیانێكی شەرەفمەندانە ‌و گرنگیدان بە مافەكانی لەلایەن دەوڵەتەوە. هاووڵاتیان دەیانەوێت ژیانیان پارێزراو بێت ‌و داوا دەكەن حكومەت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە ‌و داهاتی وڵات بەفیڕۆ نەدرێت.

 

بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەنجامی خۆپیشاندانەكان بەكوێ‌ دەگات؟ وەكو جارەكانی دیكە دادەمركێنرێنەوە، یاخود بەردەوام دەبن هەتا چاكسازیی ڕیشەیی ‌و گۆڕینی سیستمی سیاسیی؟

تا ئێستا بەشێك لە داخوازییەكانی جەماوەری خۆپیشاندەر جێبەجێ‌ نەكراون ‌و ئەوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان

لە ڕاستیدا یەكەم داواكاریی خۆپیشاندەران، چاكسازیی ڕیشەیی ‌و گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسییە، ئەوەش داواكاریی زۆرینەی خەڵكە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر حكومەت دڵنیایی بدات لە چاكسازیی تەواوەتی ‌و قەناعەت بە خۆپیشاندەران بكات كە جدییە لەسەر بەڵێنەكانی، ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەنگە دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، بۆیە پێویستە حكومەت دەرفەتێكی باش بڕەخسێنێت بۆ ئەو هەنگاوانە ‌و پەلە بكات لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵك، بەوەش سەرەتای گۆڕانكارییەكان بەدەر دەكەون ‌و ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ دۆخەكە.

 

دەوترێت دەستی دەرەكی لە پشت خۆپیشاندانەكانەوە هەیە، بۆچوونی ئێوە چییە لەو بارەیەوە؟ دەستی دەرەكی ئاراستەی خۆپیشاندانەكان دەكات؟ یاخود ململانێی نێوان پێكهاتە ‌و لایەنە ناوخۆییەكانی عێراقە؟

زۆربەی خۆپیشاندانەكان لەلایەن كۆمەڵێك كەس ‌و لایەنی هەلپەرستەوە دەقۆزرێنەوە ‌و هەوڵ دەدەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیانی بەكار بهێنن لە دژی لایەن ‌و پێكهاتەكانی تر، بەڵام پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن ‌و ڕێگە نەدەن خۆپیشاندانەكان بەلاڕێدا ببرێن ‌و دەستیان تێوەربدرێت، هەروەها ئەركی هێزە ئەمنیی ‌و هەواڵگرییەكانیشە خۆپیشاندەران ‌و كەسانی گێرەشێوێن لەیەكتر جیا بكەنەوە ‌و ڕێگە نەدەن كەسانی هەلپەرست سوار شەپۆلی خۆپیشاندانەكان ببن ‌و ئاراستەكەی بگۆڕن.

 

هۆكار چییە هەڵوێستی لایەنە هەرێمایەتی ‌و نێودەوڵەتییەكان ناڕۆشنە لە هەمبەر خۆپیشاندانەكان ‌و دۆخی ناوخۆیی عێراق؟

ئەگەر حكومەت دڵنیایی بدات لە چاكسازیی تەواوەتی ‌و قەناعەت بە خۆپیشاندەران بكات لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە

زۆرینەی لایەن ‌و وڵاتان چاویان بە عێراق هەڵنایەت ‌و بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ‌ ‌و ناوچەكە ‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان خێریان بۆ عێراق ناوێت، بۆیە هەڵوێستیان لەبەرامبەر دۆخی عێراق سلبییە ‌و تەنانەت هەوڵیش دەدەن دۆخەكە هێندەی تر بشێوێنن ‌و بارگرژییەكان زیاتر ببن. بۆ ئەوەی خوێنی گەنجان ‌و هێزە ئەمنییەكانی عێراق بڕژێت، كە ئەوەش ئەركی حكومەتە ڕێگە نەدات بەو لایەن ‌و دەوڵەتانەی خێریان بۆ عێراق ناوێت، دۆخی ناوخۆی ئەم وڵاتە بشێوێنن.

 

زۆربەی سەركردە سیاسییەكان پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكان ڕادەگەیەنن، بەڵام مەگەر خۆپیشاندانەكان لە دژی ئەوان نییە؟ ئایا ئەو هەڵوێستەی سەركردە سیاسییەكان ڕاستەقینەیە؟ یاخود بۆ چەواشەكارییە ‌و دەیانەوێت دەنگی پێ‌ كۆ بكەنەوە؟

بە دڵنیاییەوە زۆربەی سەركردە ‌و قەوارە سیاسییەكان ‌و پارتە باڵادەستەكان، نە لەگەڵ خۆپیشاندەرانن ‌و نە لەگەڵ مافەكانی خەڵكدان، چونكە ئەوان خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرن ‌و هێزی چەكداریان هەیە، بۆیە دەیانەوێت هەژمونیان بەسەر دەسەڵاتەوە هەبێت ‌و دەست بەسەر سەروەت ‌و سامانی وڵاتدا بگرن ‌و هەموو جومگە ‌و پایەكانی دەوڵەت بۆ خۆیان ببەن، ڕێگەش نادەن خەڵكانی تر سوود لە سامانی گشتی وەربگرێت، بۆیە ئەو لایەنانە بە ڕووكەش دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ خۆپیشاندەران ‌و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە خۆپیشاندانەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە ئەوە لایەن ‌و سەركردە سیاسییەكانن دژی هەموو داواكارییەكانی جەماوەری عێراقن ‌و دژی ئەنجامدانی هەر جۆرە چاكسازییەكیشن، بەڵگەش ئەوەیە كاتێك دۆخەكە هێور دەبێتەوە، ئەو لایەنانە دەست دەگرنەوە بەسەر دامودەزگاكانی دەوڵەت ‌و كار بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆیان دەكەن بەسەر وڵاتدا، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان ‌و ئامادە نین هیچ دەرفەتێك بۆ خەڵكی هەژار ‌و مافخوراو بهێڵنەوە.

 

هەر كاتێك خۆپیشاندان دەكرێت دەوڵەت بەڵێنی چاكسازیی دەدات، بەڵام دواتر سەرلەنوێ‌ خۆپیشاندانەكان سەرهەڵدەدەنەوە. ئایا چاكسازییەكان لە ئاستی داخوازییەكانی جەماوەردا نین؟ یاخود حكومەت پابەندی بەڵێنەكانی نابێت ‌و پڕۆژەكانی چاكسازیی تەنها مرەكەبی سەر كاغەزن؟

ئەركی هێزە ئەمنییەكانە خۆپیشاندەران ‌و كەسانی گێرەشێوێن لەیەكتر جیا بكەنەوە ‌و ڕێگە نەدەن هەلپەرستان سوار شەپۆلی خۆپیشاندانەكان ببن.

لە ڕاستیدا خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەهێز بوون ‌و كوژراو و برینداری زۆریان لێكەوتەوە ‌و بوونە هۆی لەرزاندنی عەرشی دەسەڵاتی سیاسی ‌و حكومەت ‌و سەركردە ‌و قەوارە سیاسییەكان ‌و تەواوی بەرپرسانی عێراق، بۆیە مامەڵەكردنیش لەگەڵیاندا جدیی بوو و بوار نەماوە بۆ فەرامۆشكردنیان. ڕەنگە جێبەجێكردنی داخوازییەكان دوا بكەون، بەڵام ناكرێت فەرامۆش بكرێن ‌و چاویان لێ‌ دابخرێت، بۆیە پێویستە حكومەت جدیتر بێت لە جێبەجێكردنی داواكارییەكان ‌و درەنگ نەخرێن، چونكە هەر یاریكردنێك بە داخوازییەكانی جەماوەر كاردانەوەی خراپی دەبێت ‌و بەسەر حكومەتدا دەشكێتەوە، كە دواتر ناتوانرێت خۆیانی لێ‌ دەرباز بكات. خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە ئەوەمان پێدەڵێن كە پێویستە حكومەت داخوازییەكانی خەڵك بەهەند وەربگرێت ‌و وەكو خۆیان جێبەجێیان بكات، لە پێناو دەربازكردنی وڵات لەم دۆخە ‌و گەڕاندنەوەی متمانە ‌و ئارامیی ‌و سەقامگیریی بۆ عێراق ‌و هاووڵاتیییەكانی.

 

ئەوەی لە خۆپیشاندانەكاندا دەركەوت ئەوە بوو كە بەهۆی تەقەكردنەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵك بوونە قوربانی لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە. سەرنجی بەڕێزتان لەوبارەیەوە چییە ‌و رۆڵی هێزە ئەمنییەكان ‌و حكومەت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

حكومەت لە ڕاپۆتێكدا دەڵێت كوشتنی خۆپیشاندەران لە ڕێگەی قەناس بەدەستەوە بوون، کەواتە لە ئەستۆی حکومەتدایە ناسنامەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكات

بەدڵنیاییەوە بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە، لە خۆپیشاندانەكاندا ژمارەیەكی زۆر خەڵك بوونەتە قوربانی، چونكە بەپێی ئامارەكان لە خۆپیشاندانەكانی پێشتردا زیاتر لە ١٤٠ كەس كوژراون و نزیكەی ٦ هەزاریش بریندار بوون. جاری دووەمیش زیاتر لە ٦٠ كەس كوژراون و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. ئەم ژمارە زۆرەی شەهید ‌و بریندارانە جێگەی نیگەرانییە ‌و ئاماژەیەكی مەترسیدارە، بۆیە پێویستە هەڵوەستەیان لەسەر بكرێت ‌و دەبێت حكومەت بۆ خەڵكی ئاشكرا بكات كێن ئەوانەی لە پشت تەقەكردنەكانەوەن، چونكە حكومەت لە ڕاپۆتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە زۆربەی حاڵەتەكانی كوشتنی خۆپیشاندەران لە ڕێگەی قەناس بەدەستەوە بوون، بەڵام لە ڕاپۆرتەكەدا دیاریی نەكراوە قەناس بەدەستەكان كێ بوون كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە، كە ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە بەسەر حكومەتدا تێپەڕیوە ‌و لە ئەستۆی ئەودایە ناسنامەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكات كە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو كارە. بە دڵنیاییەوە دەستێكی دەرەكی هەیە لەم بابەتەدا كە خەڵكانێكی خستووەتە ناو ڕیزی خۆپیشاندەران ‌و هێزە ئەمنییەكانەوە، بۆ ئەوەی دۆخەكە بشێوێنن ‌و ڕەوشی عێراق زیاتر ئاڵۆز بكەن ‌و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن.

 

کۆمێنتی خۆت بنووسە