‘فرانز فانۆن’ له کتێبی ‘پێستی ڕه‌ش و ماسکه سپیه‌کان’دا باسی ئه‌زموونی مرۆڤی ڕه‌ش له‌گه‌ڵ کۆڵۆنیالیزم دا ده‌کات. فانون ده‌یه‌وێت بڵێت کاتێک مرۆڤی سپی ئه‌وروپی و خۆرئاوایی مرۆڤی ڕه‌شی ئه‌فه‌ریقی داگیر ده‌کات، خاک و سامانه‌که‌ی تاڵان ده‌کات، فۆرمی باڵاده‌ستی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ناو ناخودئاگا و خه‌یاڵدانی مرۆڤی ڕه‌شه‌وه. به‌پێی ڕۆیشتنی کات و ڕه‌وتی مێژوویی هه‌لومه‌رجێک دێته کایه‌وه که ئینسانی ڕه‌ش ئه‌و بارودۆخه وه‌کو راستی دهپهژرێنێت - قبوڵ ده‌کات. بۆیه مرۆڤی ڕه‌ش به‌رده‌وام له هه‌وڵێکی بێ‌وچان دایه به‌وه‌ی له مرۆڤی باڵاده‌ستی ئه‌وروپی سپی بچێت. مرۆڤی ڕه‌ش به‌رده‌وام له بارودۆخێکی سایکۆلۆجی ئاڵۆزدایه و ده‌یه‌وێت وای نیشان بدات ئه‌ویش مرۆڤه و ده‌توانێت وه‌کو مرۆڤی سپی هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌و خۆبه‌که‌مزانین و ئه‌وی دی به گه‌وره زانینه تا ئه‌و جێگایه ده‌رووات و سه‌ده‌کان ده‌بڕێت تا ده‌گات به ئابڕوچونه گه‌وره‌که‌ی مه‌سه‌له‌ی پێستگۆڕینهکهی مایکل جا‌کسۆن. ئیتر ئه‌مه دۆخێکه تیایدا کۆڵۆنیلکراو عاشق و شه‌یدای کۆڵۆنیکار ده‌بێت، داگیرکراو و چه‌وسێنراوه کوشته‌ی هونه‌ر و مۆسیقا و ئه‌ده‌ب و پێشداوه‌ری و جیهانبینی چه‌وسێنه‌ره‌که‌ی ده‌بێت، دێوانه‌ی شێوازی ژیان و به‌ها و ڕه‌فتار و دید و تێڕوانینه‌کانی ده‌بێت، له هه‌مووی خراپتر پێشداوهریه ئایدیۆلۆجیه‌کانی ئه‌و و چاویلکه‌ی ئه‌و بۆ بینینی دنیا و کێشه‌کانی ده‌کاته چاو، ئه‌وه‌ی له زمانی زانستی سایکۆلۆجی مۆدێرن پێی ده‌ڵێن (ستۆکهۆڵم سیندره‌م).
ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده‌کان بۆ ئه‌وه له به‌غداد نین وه‌کو ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب کێشه‌ی کورد سه‌یر بکه‌ن، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه له‌وێن به‌رگری له‌و دۆزه‌ی کورد بکه‌ن، به‌رگری له هاوڵاتیانی کوردستان و ماف و که‌رامه‌ت و ئازادیه‌کانیان بکه‌ن
له په‌یوه‌ند به کورده‌وه، بێگومان سیستمی سیاسی کوردستان سیستمێکی خراپه، له سه‌ر گه‌نده‌ڵی و بێدادی و دامه‌زراوه و ڕه‌خنه‌گرتن لێی، نه‌یاربوون پێی له‌ڕووی سیاسیه‌وه بابه‌تێکی نه‌ک هه‌ر ئاساییه، به‌ڵکو پێویستیشه، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری گرفت و کێشه‌ی ئێمه وه‌کو نه‌ته‌وه، بۆ بینینی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م گرفته که گرفتێکی مێژوویی قوڵ و پڕئازاره نابێت چاویلکه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی که جینۆساید له‌نێوانماندایه له‌چاو بکه‌ین. ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی کوردی ره‌وایی ئه‌وه ناداته هیچ که‌سێک (نه‌خاسمه ئه‌و که‌سه ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌غداد بێت له‌سه‌ر لیستی کوردی گوایه بۆ به‌رگریکردن له ئێمه ڕۆیشتووه بۆ به‌غداد) که له قوڵایی ئه‌خلاقی کێشه‌ی کورد بدات و پێی وا بێت مادام به‌ڕێزیان له به‌غدادن که‌واته کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بووه. ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده‌کان بۆ ئه‌وه له به‌غداد نین وه‌کو ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب کێشه‌ی کورد سه‌یر بکه‌ن، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه له‌وێن به‌رگری له‌و دۆزه‌ی کورد بکه‌ن، به‌رگری له هاوڵاتیانی کوردستان و ماف و که‌رامه‌ت و ئازادیه‌کانیان بکه‌ن، به مافی هه‌وڵدان بۆ جیابوونه‌وه‌ش له عێراق. ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی سکۆتله‌ندا و ئایرله‌ندای باکوور که له په‌رله‌مانی به‌ریتانیان له له‌نده‌ن ناڵێن کێشه‌ی ئه‌وان چاره‌سه‌ر بووه؛ که‌چی ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد هه‌یه له به‌غداد ئه‌و قسه‌یه ده‌کات. ئێمه چی به‌و که‌سانه بڵێین جگه له‌وه‌ی جارێکی دیکه پێشنیاری ئه‌وه بکه‌ین کتێبه‌که‌ی فرانز فانۆن بخوێننه‌وه.
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه که ده‌ڵێن کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بووه له عێراقدا له کاتی ڕوداوه‌کانی تاڵانی و سوتاندنی ماڵه کورده‌کانی خورماتوو نه‌یانوێرا سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکه‌یه بکه‌ن، بۆ نه‌یانوێرا؟
مایه‌ی تێڕامانه ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه که ده‌ڵێن کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بووه له عێراقدا له کاتی ڕوداوه‌کانی تاڵانی و سوتاندنی ماڵه کورده‌کانی خورماتوو نه‌یانوێرا سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکه‌یه بکه‌ن، بۆ نه‌یانوێرا؟ له ترسی حه‌شدی شه‌عبی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانی عه‌ره‌ب که سه‌رمه‌ستی ده‌رکردن و ئاواره‌کردنی هاوڵاتیانی کوردی داماو بوون. هه‌تا ئێستاش ده‌وڵه‌تی عێراق ئاماده نییه جینۆسایدی کورد به فه‌رمی بناسێت و ئۆباڵه مێژووییه‌که‌ی هه‌ڵگرێت، هێزه عێراقیه‌کان هه‌موو هه‌وڵێکیان دا بابه‌تی جینۆساید له عێراقدا ره‌هه‌ندێکی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رنه‌گرێت و ته‌نانه‌ت سه‌رکرده‌کانی به‌عس به‌هۆی کاره‌ساتی ئه‌نفاله‌وه دادگایی نه‌کران، به‌ڵکو به‌هۆی کوشتنی هاوڵاتیانی گوندی دوجه‌یل دادگایی کران. ئه‌وه‌ی کێ و چی هێزێک له‌و پایته‌ختانه حوکم ده‌که‌ن بابه‌تێکی زۆر گرنگه، به دڵنیاییه‌وه ئێستا له به‌غداد و تاران و ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق جۆرج واشنتۆن و ویڵسن و میته‌ران حوکم ناکه‌ن. له ئه‌نقه‌ره ئه‌ردۆغانی لێیه که خه‌ونه فاشیستیه‌کانی ئه‌ردۆغان، بێرنارد هینری لیڤی یان هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له کتێبه تازه‌که‌یدا ‘ ئیمپراتۆریا و پێنج پاشاکه’ پێی بڵێ ‘ئه‌ردۆغان مرۆڤخۆره’، له به‌غداد میلیشیاکانی سه‌در و حه‌شدی شه‌عبی که بکوژی هه‌زاران عومه‌ری بێ‌تاوان و سه‌دان گه‌نجی (ئیمۆ)ن (پێناچێت قه‌ت کوشتاری ئه‌و ئیۆمایانهم بیر بچێته‌وه که میلیشیاکانی سه‌در به‌هۆی ستایڵی قژ و جل و بهرگیانهوه سه‌دانیان وه‌کو چۆله‌که‌ی بێسهرپهنا، کوشت)، له دیمه‌شق ئه‌سه‌دی لێیه که میراتگری باوکیه‌تی بۆ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی کورده‌کان و له تارانیش به فه‌رمانی ئایه‌توڵاکان نه‌ک خه‌ڵکی نه‌یاری ئایدیۆلۆجی و جیهانبینی خۆیان، به‌ڵکو ئاخوندی شیعه‌ی نه‌یاری خۆیان ده‌ستدرێژی سێکسی کراوه‌ته سه‌ر و تاران ئه‌و پیاوانه حوکمی ده‌که‌ن که گه‌نجانی کورد به ئاشکرا و له شوێنه گشتیه‌کاندا به کرێنه‌کان هه‌ڵده‌واسن. که‌واته له بنه‌ڕه‌ته‌وه پرسیاره‌که ئه‌وه نییه ئێمه ده‌مانه‌وێت چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بژین، به‌ڵکو له‌وه گرنگتر ئه‌وان که مه‌به‌ستم ناسیونالیزمی بالاده‌سته ده‌یه‌وێت چۆن فۆرمی ده‌وڵه‌ت و له‌ناویشیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل ئه‌وانی دی دابڕێژێته‌وه، ده‌یانه‌وێت چۆن برینی مێژوویی ئێمه ساڕ‌ێژ بکه‌ن، چۆن سه‌یری ئێمه و کێشه‌کانمان ده‌که‌ن.
ناسیونالیزم فۆرمێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیه بۆ دروستکردنی خودی نه‌ته‌وه، به‌ڵام ناسیونالیزم یه‌کسان نییه به شۆفینیزم و فاشیزم و ئه‌و هه‌موو خراپیانه‌ی تر وه‌ک هه‌ندێک که‌س مه‌سره‌فیان ده‌که‌ن
قسه‌یه‌ک بۆته باو هه‌ندێک که‌سی ئه‌ماتۆر ده‌یکه‌ن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گوایه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه باوی نه‌ماوەو به‌سه‌رچووه. به راست وایه؟ هه‌تاکو ئێستاش ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه به‌هێزترین ئه‌کته‌ری سیاسی سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تیه. پارێزگاریکردن له ئایدیای نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندی به شۆفینیزمهوه نییه وه‌ک زه‌روره‌ت، به‌ڵکو که‌وتۆته سه‌ر ئه‌و فۆرمه‌ی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت که پێشنیار ده‌کرێت یاخود به‌رگری لێده‌کرێت. ده‌کرێت ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌کو تورکیامان هه‌بێت و فاشیست بێت، هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌کرێت ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کو فهڕهنساشمان هه‌بێت که بنه‌ما فه‌لسه‌فی و یاساییه‌که‌ی مافی هاوڵاتی یه‌کسان بێت. ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ش ناسیونالیزم دروستی ده‌کات. ناسیونالیزم فۆرمێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیه بۆ دروستکردنی خودی نه‌ته‌وه، به‌ڵام ناسیونالیزم یه‌کسان نییه به شۆفینیزم و فاشیزم و ئه‌و هه‌موو خراپیانه‌ی تر وه‌ک هه‌ندێک که‌س مه‌سره‌فیان ده‌که‌ن. بۆیه کاتێک باسی ناسیونالیزمی کوردی ده‌که‌ین له‌ڕووی تیوریه‌وه هه‌ڵه‌یه یه‌کسانی بکه‌ین به ڕه‌گه‌زپه‌رستی؛ له بنه‌ڕه‌تدا من پێم وایه یه‌کێک له خاڵه باشه‌کانی ناسیونالیزمی کوردی ئه‌وه‌یه که بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌گه‌زپه‌رست نییه. له‌سه‌ر هه‌مان هێڵ، ئه‌و ڕه‌وته سیاسیه‌ش که له ئاستی میللی‌دا پێی ده‌ڵێن کوردایه‌تی و له ئاستی سیاسی‌دا بریتیه له ناسیونالیزمی کوردی بێگومان هه‌زار کێشه‌ی هه‌یه به‌ڵام ڕه‌گه‌زپه‌رستی یه‌کێک نییه له کێشه‌کانی.
ئه‌وه‌ی له ڕۆژئاڤا ده‌گوزه‌رێت شێوازێکی تری خه‌باتی ناسیونالیزمی کوردیەو پێویست ناکات به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی قه‌به‌و بێناوه‌رۆک ئه‌و راستیه نکوڵی لێبکرێت
هه‌وڵدان و خه‌باتی ئینسانی کورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی، مافی سیاسی، ئیداری، کلتووری، خه‌باتێکی دیموکراتیکه و خۆبه‌خۆ هه‌وڵه بۆ دیموکراتیزه‌کردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه نابنه دیموکرات هه‌تا ئه‌وکاته‌ی ئه‌و مافانه نه‌ناسن به فه‌رمی، له‌وه‌ش واوه‌تر، کێشه‌ی کورد پێوه‌ر و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی و گرنگه بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بۆ ئه‌وه‌ی به شێوازی سه‌یرکردن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و کێشه‌یه هه‌م سروشتی ده‌وڵه‌ته‌که و هه‌م بڕی دیموکراسیه‌که‌یان بناسینه‌وه. ناسیونالیزم خۆبه‌خۆ مانای به‌دکاری ناگه‌یه‌نێت، خه‌باتی کورد بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی سیاسی و ئیداری و هه‌وڵی کورد بۆ پاراستنی خاک و کلتور و زمانی خۆی واته ناسیونالیزمی کوردی، ئه‌وه‌ی وا ده‌کات کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌ژێر چه‌پۆکی داگیرکاریی ناسیونالیزمی فارسی‌دا په‌ره به زمان و کلتوور و فه‌رهه‌نگ و ژینگه‌ی جوگرافی خۆی بدات ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزمی کوردیه؛ ئه‌وه‌ی ده‌شیه‌وێت هه‌موو ئه‌و مافانه پێشێل بکات و به کرداریش ڕۆژانه پێشێلیان ده‌کات ناسیونالیزمی فارسیه، ئه‌وه‌ی له ڕۆژئاڤا ده‌گوزه‌رێت شێوازێکی تری خه‌باتی ناسیونالیزمی کوردیەو پێویست ناکات به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی قه‌به‌و بێناوه‌رۆک ئه‌و راستیه نکوڵی لێبکرێت، بێگومان ئه‌وه‌ی هه‌ده‌په ئینجا په‌که‌که‌ش ده‌یکات له باکور له قوڵاییدا هه‌ر هه‌وڵی ناسیونالیزمی کوردیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی بڕیاردانی ئینسانی ئێمه له چاره‌نووسی خۆی (ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌که‌که و هه‌ده‌په و یه‌په‌گه و پهیهژهدا که‌سانی سه‌ر به ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاده‌کانی دیکه‌ی تێدایه هیچ له‌و ڕاستیه ناگۆڕێت که پرۆژه‌که پرۆژه‌یه‌کی کوردیه). بۆ ده‌بێت هێنده له به‌کارهێنانی چه‌مکی ناسیونالیزم سڵ بکرێته‌وه له کاتێکدا بوارێکی گرنگی زانسته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه؟ پرسیاری سه‌ره‌کی هه‌ر ئه‌وه نییه ناسیونالیزم باشه یان خراپ، دابه‌شکردنی چه‌مکه‌کان به باش و خراپ هیچ یارمه‌تیمان نادات له رووی زانستیه‌وه تێیبگه‌ین. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئێمه ده‌مانه‌وێت چی مۆدێلێکی ناسیونالیزم پێشنیار بکه‌ین. ئێمه یان مۆدێلی ناسیونالیزممان له‌به‌رده‌مدایه به هه‌ردوو فۆرمه‌که‌ی (ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌ز ده‌کاته بنه‌ما و ئه‌وه‌ی هاوڵاتیبوون ده‌کاته بنه‌ما)، یاخود مۆدێلی ئیمپراتۆریا، یاخود گه‌رانه‌وه بۆ یه‌که‌یه‌کی بچوکتر له ناسیونالیزم که خێڵه. مه‌علومه نامانه‌وێت خێڵه‌کی بین، توانای ئیمپراتۆریاشمان نییه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه به زه‌روره‌ت ناسیونالیزمه، که‌واته ناسیونالیزم بارودۆخێکی مێژووییه خۆلادان لێی خۆلادانه له راستیه‌کی بابه‌تی که مرۆڤی هۆشمه‌ند ئه‌گه‌ر بیه‌وێت کێشه‌یه‌کی وه‌ک کێشه‌ی کورد به جدی وه‌ربگرێت ناتوانێت خۆی لێ لابدات، به‌ڵام ناسیونالیزمێکی نه‌رم و شارستانی و دیموکرات هه‌م بۆ مرۆڤایه‌تی له ئێستادا باشتره و هه‌م کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی ڕه‌واو سه‌نگین زیاتر ده‌خاته سه‌ر شانۆ.
کێشه‌ی کورد یه‌ک کێشه‌یه، مانای ئه‌وه نییه ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ش هه‌ر یه‌ک ڕێگه‌چاره‌یه
ئینجا به‌ڕاست باوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ماوه؟ ئوستورالیا که وڵاتێکی دیموکراته به‌هرۆز بوچانی به چی پێوه‌رێک زیندانی کرد ئه‌و هه‌موو ماوه زۆره؟ ئه‌گه‌ر به‌هرۆز سنووره‌کانی ئوستورالیای نهبهزاندبووایه حکومه‌تی ئوستورالی ده‌یتووانی بۆ نمونه له ئه‌نده‌نوسیا زیندانی بکات؟ هیچ ده‌وڵه‌تێک ده‌توانێت ئێستا گوندێکی به‌ریتانیا داگیر بکات؟ بۆچی که ده‌چیته ناو خاکی سویده‌وه داوای پاسپۆرتت لێده‌که‌ن؟ ئایا به‌راست مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ته‌واو بووه؟
کێشه‌ی کورد یه‌ک کێشه‌یه که له بنه‌ڕه‌تدا کێشه‌ی ناسنامه‌یه و له فۆرمی ململانێ له‌سه‌ر خاک و به‌ڕێوه‌بردن و هێز و سامان و پارێزگاریکردن له زمان و کلتور خۆی ده‌رده‌خات. له کۆتاییه‌کانی ته‌مه‌نی ئیمپراتۆریای عوسمانی و پاشان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی، میله‌تانی ئه‌م ناوچه‌یه که‌وتنه خۆیان بۆ دروستکردنی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت، کورده‌کانیش هاوته‌ریب به هه‌وڵی ئه‌و میله‌تانه (نه‌ک له دوای هه‌مووان وه‌کو عادل عه‌بدولمه‌هدی به هه‌ندێک کوردی گوتبوو ). هه‌وڵی خۆیان بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت خسته گه‌ڕ دواجار به‌هۆی ململانێ و ناهاوسه‌نگی هێزو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئیمپریالیزم کورد که‌وته ژێر ده‌ست و پێوه.
که کێشه‌ی کورد یه‌ک کێشه‌یه، مانای ئه‌وه نییه ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ش هه‌ر یه‌ک ڕێگه‌چاره‌یه. ئێستا کورد ده‌رگیره له‌گه‌ڵ چوار فۆرمی ناسیونالیزمی سه‌رده‌ست له ناوچه‌که؛ ئه‌وه‌ش خۆبه‌خۆ وه‌ک عه‌باس وه‌لی ده‌ڵێت چوار فۆرمی جیاوازی له ناسیونالیزمی کوردی خولقاندووه. ناسیونالیزمی کوردی به‌پێی سروشتی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی داگیری کردووەو به‌پێی سروشتی ناسیونالیزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی ئه‌و وڵاتانه شێوازی کار و میتۆدی ململانێی خۆی داڕشتووه.
بۆ خه‌بات و تێکۆشان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیاندا، هه‌ر پارچه‌یه‌ی کوردستان ئه‌و فۆرمه هه‌ڵده‌بژێرێت که له‌گه‌ڵ سروشتی خهڵکهکەو هه‌لومه‌رجی خودی و بابه‌تی خۆیدا ده‌گونجێت. بۆیه واقیعی نییه چی کردار‌و کارێک له پارچه‌یه‌ک ده‌کرێت هه‌مان کردار له پارچه‌کانی دیکه چاوه‌ڕێ بکه‌ین. به‌رگریکردن له کێشه‌ی کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان بۆ ئێمه قوڵاییه‌کی ئه‌خلاقی و ئینسانی هه‌یه، بۆیه ڕه‌وا نییه پشتگیری‌کردن (بۆ نمونه له ڕۆژئاوا) به ناو پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆز و ناخۆشی جه‌ڵدی زاتی خۆماندا له (باشوور بۆ نمونه) ببه‌ین. به‌رگری له ڕۆژئاوا بکه، له ڕۆژهه‌ڵات و باکووری بکەو هیچ پێویست به‌وه ناکات ژن و پیاوان و ئه‌زموونی تاڵ و تفتی خۆمان (باشوور) سووک و ناچیزه بکه‌یت له‌کاتێکدا که هێشتا که‌سوکاری شه‌هیده‌کانی ده‌ستی داعش و حه‌شدی شه‌عبی چاوانیان وشک نه‌بۆته‌وه.