تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

من وێڵی ئازادیم

28 Feb
کاروان مەهدی / 28.02.2021

من وێڵی ئازادیم

لە پەراوێزی بڕیاری زیندانیکردنی ئەکتیڤیستانی بادینان و چەند سەرنجێک

 “هەر مرۆڤێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادی فێربوونی زانست، وەرگرتن و دانانی زانیاری و هەر چەشنە  بیروڕایەک دەگرێتەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی دەربڕینەکەی، بە زمان بێ، یان بە نووسین، بە چاپکراوی یان لە فۆڕمی هونەری و بە هەر شێوەیەکی دیکە کە خۆی هەڵیبژاردووە.”
بەندی ٢ی  ماددەی ١٩ی ڕێکەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان
 
ئەمڕۆ بڕیاری دادگای هەولێر سەبارەت بە چالاک و ئازدیخوازانی بادینان و حوکمی زیندانیکردنیان بۆماوەی ٦ ساڵ زۆرتر لە هەموو کات ئەوەی  سەلماند کە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستاندا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، ئایا لە كوردستاندا مومارەسەی دیموکراسی ماوە، دادگاو دەزگا یاساییەكان و ئەنجومەنی دادوەری گرنگییان ماوە یان بوونەتە بەشێک لە ئامرازی ستەمکاری! 
ئەزمونی دادوەری لە هەرێم هەر لە تیرۆرکردنی (ڕەئوف ئاکرەیی)یەوە تا زایندانیکردنی (شێروان شێروانی) لەجیاتی پێشگرتن بە تاوان و پێشێلکاری، خودی ئەو دەزگایە نەک هەر پێشێلکاری گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی و ئینسانی کورد ئەنجامداوە بەڵکو جۆرێک لە سیستەمی دادوەری بەرهەمهێناوە کە هیچ تاکێکی کورد نە شانازی پێوە بکات و نە متمانەی پێی هەبێت، دادگاکانی کوردستان لە هیچ ئاریشەو قەیران و ململانێیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بێلایەن نەبوون و ڕۆڵی نیشتیمانی و پیشەیی خۆیان نەگێڕاوە،  دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان، تیرۆری سیاسی، کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، دۆسییەکانی کوشتنی ژنان بە تاوانی شەرەف، کێشەی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم و، پاشەکەوتی مووچە، ڕاگرتنی پلەی وەزیفی...تاد لە ڕابردوودا نموونەو بەڵگە دیارەکانی ئەوەن کە دادگاکانی کوردستان نە توانیویانە دۆسیەیەکی گەورە یەکلابکەنەوە، نە توانیان دادگای هەموو هاوڵاتیان بن.

ڕاستە بڕیاری زیندانیکردنی چەند ئەکتیڤیستێکی مەدەنی و سیاسی ڕووداوێکی نوێ نییە لە هەرێم بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، دەستپێکێکی ترسناک و ئاستێکی دیکەی پێشێلکارییە کە نە تەلەفۆنەکەی پۆمپیۆو بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پشتگیری لە ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان و نە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ و نە واژۆی نووسەران و نە فشاری ناوخۆیی ئەو مەیلەی هەرێمی بۆ بە تورکیاکردنی کوردستان نەوەستاند، هەر بۆ بیرخستنەوەی هەموو لایەک حکومەتی ئاکەپەو ئەردۆگان هەر لە ڕێگای دادگاو فەرمانی دادوەرییەوە بە هەزاران كارمەندو فەرمانبەری گشتی لە كارەكانیان دەركراون و لە نێویاندا سەدانیان پاسپۆرتی توركیان لێوەرگیراوەتەوە. چەندین دامەزراوەو  كۆمەڵەو سەندیكای كرێكاران داخراون و چەندین ڕۆژنامەنووس خراونەتە زیندانەوەو هەزاران خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە داخراون، هەموو ئەم پێشێلکارییانەی سەرەوە هەرگیز لە چاوتوروکانێکدا ڕوویان نەدا بەڵکو بە شێنەیی و لە پرۆسەیەکی چەندین ساڵەدا دادگا باڵاکانی تورکیا کرانە مەهزەلەی دیموکراسی.

ڕاستییە سەڕەتانی و تاڵەکە ئەمەیە:

هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرەوە بە زەبروزەنگی فیزیکی و ترس و تۆقاندنی موخابەراتییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکرێ. ژمارەیەک دەسەڵاتداری بێدیدو دواکەتوو خۆیان سەپاندووە بەسەر هەرێمدا، هەربۆیەش هەر سێ دەسەڵاتەکەی هەرێم و سەرجەم دامودەزگا دەوڵەتییەکان سووک و بێبایەخ و بێهەیبەت کراون، پشکی شێری ئەم بێنرخکردنەش دادگاو دامەزروە یاساییەکانن، کە لەجیاتی جێبەجێکردنی ئەرکە مەدەنی و یاسایی و دادوەرییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری بوونەتە مۆڵگەی گەندەڵی و  نادادی و کۆمەڵێک دائیرەی بێبەرهەم و مومارەسەکردنی ستەم.

کۆمێنتی خۆت بنووسە